ریاڵ مەدرید و مانچستەر یونایتد کێبڕکێی گواستنەوەی گیمارێشیان گەرمکردووە

PM:03:57:23/03/2026

88 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ریاڵ مەدرید و مانچستەر یونایتد کێبڕکێی گواستنەوەی گیمارێشیان گەرمکردووە و یاریزانەکە بڕیاری کۆتایی دەدات.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ململانێیەکی توند لە نێوان مانچستەر یونایتد و ڕیاڵ مەدرید دروست بووە بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی برۆنۆ گیمارێش، ئەستێرەی بەڕازیلی یانەی نيوكاسڵ.

مانچستەر یونایتد دانوستانەکانی لەگەڵ ئەم یاریزانە بردووەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو و ئامادەیە بڕی 80 ملیۆن یۆرۆ بۆ گواستنەوەی خەرج بکات، بەتایبەت کە یانەکە گیمارێش وەک باشترین جێگرەوە بۆ هاونیشتیمانییەکەی، کاسیمێرۆ دەبینێت.

ڕاپۆرتەکە دووپاتیکردەوە کە کاسیمێرۆ بڕیاری کۆتایی داوە، لە کۆتایی ئەم وەرزەدا و دوای تەواوبوونی گرێبەستەکەی قەڵای شەیتانە سوورەکان جێبهێڵێت، ئەمەش وایکردووە یونایتد بە پەلە کار بۆ گواستنەوەی گیمارێش بکات.

لە لایەکی ترەوە، ڕیاڵ مەدرید جارێکی تر ئارەزووی خۆی بۆ کڕینی ئەم یاریزانە نیشانداوەتەوە، کە ئەمەش دەبێتە بەربەستێکی گەورە لە بەردەم هەوڵەکانی یونایتد.

گیمارێشی تەمەن 28 ساڵ کە تا ساڵی 2028 گرێبەستی لەگەڵ نیوکاسڵ هەیە و نرخەکەی لە بازاڕدا 75 ملیۆن یۆرۆیە، ئێستا لە نێوان گواستنەوە بۆ مێرێنگی یان مانەوە لە پرێمەرلیگ و چوون بۆ ئۆڵد ترافۆرد، یەکێک لە گەورەترین بڕیارەکانی کاروانی وەرزشی دەدات.