بەرشەلۆنە داوای درێژکردنەوەی ماوەی خواستنی راشفۆرد دەکات

PM:03:06:23/03/2026

84 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بەرشەلۆنە داوای درێژکردنەوەی ماوەی خواستنی راشفۆرد دەکات و مان یونایتد سورە لەسەر ئەوەی بە شێوەی هەمیشەیی پێیان بفرۆشێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی میرەری بەریتانی، کارگێڕی یانەی مانچستەر یونایتد داواکارییەکی یانەی بەرشەلۆنەی ڕەتکردووەتەوە سەبارەت بە درێژکردنەوەی ماوەی خواستنی مارکوس ڕاشفۆرد بۆ وەرزێکی تر.

ڕاشفۆرد کە تا کۆتایی ئەم وەرزە بە خواستن لە یانە کەتەلۆنییەکە یاری دەکات، گرێبەستەکەی لەگەڵ شەیتانە سوورەکان تا ساڵی 2030 بەردەوامە و ئێستا مانچستەر یونایتد جەخت لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە سەرەتاییەکەی نێوانیان دەکاتەوە.

ڕاپۆرتەکە دووپاتیکردەوە کە یونایتد بە بەرشەلۆنە ڕادەگەیەنێت یان دەبێت بڕی 30 ملیۆن یۆرۆ بدەن بۆ کڕینەوەی هەمیشەیی یاریزانەکە، یان لە مانگی حوزەیراندا بیگەڕێننەوە بۆ ئۆڵد ترافۆرد.

هەرچەندە خوان لاپۆرتا، سەرۆکی بەرشەلۆنە، دەیەوێت ساڵێکی تر مۆڵەت وەربگرێت پێش ئەوەی پارەی کڕینەکەی بدات، بەڵام کارگێڕی یونایتد پێیان وایە بەهۆی درەوشانەوەی ڕاشفۆرد لە بەرشەلۆنە، نرخەکەی لە بازاڕدا بەرزبووەتەوە و دەتوانن لە هاویندا بە بڕی 50 ملیۆن پاوەند بە یانەیەکی تر بیفرۆشن.

سەرەڕای ئەوەی ڕاشفۆرد خۆی ئارەزووی مانەوە لە بەرشەلۆنە دەکات، بەڵام داهاتووی لە نێوان سووربوونی یونایتد لەسەر پارەکە و تەنگژە داراییەکانی بەرشەلۆنەدا ماوەتەوە.