داهاتووی فیران تۆرێس لە بەرشەلۆنە نادیارە

PM:03:06:23/03/2026

104 جار خوێندراوەتەوە

+ -

داهاتووی فیران تۆرێس لە بەرشەلۆنە نادیارە و لە ئەگەری گرێبەستی یەنەکەی لەگەڵ ئەلڤارێز دەبێت جێگایەکی نوێ بۆخۆی بدۆزێتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی فوتبۆڵ ئیسپانیا، داهاتووی فێران تۆرێس لە یانەی بەرشەلۆنە کەوتووەتە ناو بارودۆخێکی نادیارەوە، سەرەڕای ئەوەی یەکێکە لە توخمە سەرەکییەکانی پێکهاتەی هانسی فلیک.

ئەم نادیارییە دوای ئەوە دێت کە خوان لاپۆرتا، سەرۆکی بەرشەلۆنە، دوای دووبارە هەڵبژاردنەوەی وەک سەرۆک، ئارەزووی خۆی بۆ مانەوەی ڕۆبێرت لیڤاندۆڤسکی نیشانداوە و دۆسیەکەی سپاردووە بە دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشی تاوەکو گرێبەستەکەی بۆ ماوەیەکی درێژتر و بە مووچەیەکی کەمتر نوێ بکەنەوە.

هەروەها ڕاپۆرتەکە دووپاتیکردەوە کە کارگێڕی بەرشەلۆنە هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ گواستنەوەی جولیان ئەلڤارێز، ئەستێرەی ئەرجەنتینی یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید، و لە ئەگەری سەرکەوتنی ئەم گرێبەستەدا، چانسی مانەوەی فێران تۆرێس زۆر کەم دەبێتەوە.

تۆرێسی تەمەن 26 ساڵ کە گرێبەستەکەی تا ساڵی 2027 بەردەوامە و نرخی لە بازاڕدا گەیشتووەتە 50 ملیۆن یۆرۆ، هەمیشە سووربووە لەسەر مانەوە لە یانە کەتەلۆنیەکە، بەڵام گۆڕانکارییەکانی کۆتایی ئەم وەرزە چارەنووسی یەکلا دەکەنەوە.

تۆرێس تا ئێستا لە 197 یاریدا بە درێسی بەرشەلۆنە 60 گۆڵی تۆمارکردووە و 21 ئەسیستی هەبووە، بەڵام هاتنی ئەلڤارێز دەتوانێت کۆتایی بە کاروانی وەرزشی ئەو بهێنێت.