لیڤەرپول تووشی کێشەی پێکانی یاریزانەکانی بووە

PM:05:39:22/03/2026

136 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لیڤەرپول تووشی کێشەی پێکانی یاریزانەکانی بووە و دڵنیانییە لە یاریکردنی سەڵاح و ئەلیسۆن بەرامبەر پاریس.

نیگەرانییەکی زۆر لە ناو یانەی لیڤەرپوول دروست بووە سەبارەت بە ئامادەیی محەمەد سەڵاح و ئەلیسۆن بێکەر بۆ یارییە چارەنووسسازەکەیان بەرامبەر پاریس سان جێرمان لە قۆناغی چارەکی کۆتایی چامپیۆنز لیگ کە بڕیارە یاری چوون لە هەشتی نیسان لە یاریگای باخچەی شازادەکان و یاری گەڕانەوە لە 14یە نیسان لە ئەنفێڵد بەڕێوەبچێت.

محەمەد سەڵاح لە یاری گەڕانەوەی قۆناغی شانزە بەرانبەر گەڵاتەسەرای تووشی پێکان بوو و ناچار بوو یاریگا جێبهێڵێت هەرچەندە پێش پێکانەکەی گۆڵێکی تۆمار کرد و ئەسیستێکی هەبوو، ئەم پێکانەش وای کرد لە یاری بەرامبەر برایتۆن نەتوانێت بەشداری بکات و تیپەکەشی شکست بهێنێت.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی فووت مێرکاتۆی فەڕەنسی بەشداریکردنی ئەم دوو ئەستێرەیە بەرامبەر پاریس جێگەی گومانە و ئارنی سڵۆتی ڕاهێنەری لیڤەرپوول هیچ زانیارییەکی زیاتری لەسەر دۆخی محەمەد سەڵاح ئاشکرا نەکردووە چونکە هێشتا بەتەواوی دڵنیا نییە لە ڕادەی چاکبوونەوەی یاریزانەکە.

یانەی لیڤەرپوول ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە و هەوڵدەدات پێش یارییە ئاگرینەکەی مانگی نیسان گۆڵپارێزە بەڕازیلییەکە و هێرشبەرە میسرییەکەی بۆ یاریگاکان بگەڕێنێتەوە تاوەکو بە تەواوی هێزی خۆیەوە ڕووبەڕووی یانە فەڕەنسییەکە ببێتەوە.