PM:09:35:18/03/2026
320 جار خوێندراوەتەوە
+
-
بەرشەلۆنە ئامادەیە گرێبەستی کریستینسن نوێبکاتەوە بەڵام بە مەرجێک کە لە سودی یانەکەبێت و رێز لە کاروانی یاریزانەکە بگیرێت.
کارگێڕی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بڕیاری کۆتایی لەسەر داهاتووی ئەندریاس کریستنسنی بەرگریکاری دانیمارکی داوە و گرێبەستێکی نوێی بۆ ماوەی دوو ساڵ پێشکەش کردووە، بەڵام بە مەرجگەلێکی دارایی و هونەری زۆر جیاواز.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی مارکا، خوان لاپۆرتا و دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشی، بە ڕەزامەندی هانسی فلیک، بڕیاریانداوە تەنها نیوەی مووچەی ئێستای بدەنێ وەک مووچەیەکی بنەڕەتی، لەگەڵ دانانی چەندین پاداشتی دارایی کە پەیوەستکراون بە ڕێژەی بەشداریکردنی لە یارییەکاندا.
گرێبەستە پێشنیازکراوەکە بە جۆرێکە، ئەگەر کریستنسن بتوانێت لە زیاتر لە لەسەدا 50ی یارییەکاندا بەشداری بکات، ئەوا مووچەکەی بە ڕێژەی لەسەدا 50 زیاد دەکات، بەڵام ئەگەر ڕێژەی بەشداریکردنی لە لەسەدا 30 کەمتر بێت، یانەی بەرشەلۆنە مافی ئەوەی دەبێت دوای ساڵی یەکەم گرێبەستەکەی هەڵبوەشێنێتەوە. ئەم هەنگاوەی یانە کەتەلۆنییەکە وەک پارێزگارییەک دێت لە بەرژەوەندییەکانی یانەکە، بەتایبەت کە یاریزانەکە بەدەست پێکانە درێژخایەنەکانەوە دەناڵێنێت و تا کۆتایی ئەم وەرزەش ناگەڕێتەوە نێو یاریگاکان.
بەرشەلۆنە پێی وایە ئەم پێشنیازە نیشانەی ڕێزگرتنە لە ڕەوشت بەرزی کریستنسن، چونکە یاریزانەکە لە کاتێکی هەستیاری پێکاندا گرێبەستی بۆ نوێ دەکرێتەوە.
بەڵام ئامارەکان مەترسیدارن؛ کریستنسن لە کۆی 106 یاری ڕابردووی بەرشەلۆنە تەنها لە 23 یاری بەشدار بووە، واتە تەنها بە ڕێژەی 21.7%، ئەمەش وایکردووە یانەکە مەرجی ڕێژەی 30%ی بەشداریکردن وەک هێڵی سوور دابنێت.