مانی: هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ بردنەوەی جامی ئەفریقا

PM:02:07:15/01/2026

240 جار خوێندراوەتەوە

+ -

مانی هۆکاری بردنەوەیانی لە میسڕ ئاشکراکرد و بەڵێنی ئەوەشیدا هەموو هەوڵێکیان بدەن بۆ بردنەوەی جامی ئەفریقا.

مانی دوای بردنەوەی هەڵبژاردەىی سەنیگال لە میسڕ لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵەکانی بێن سپۆرت رایگەیاند، سەرکەوتنەکەیان بەڕێکەوت نەبووە، بەڵکو ئەنجامی خوێندنەوەیەکی ورد بووە بۆ خاڵە بەهێزەکانی میسڕ و سوودوەرگرتن بووە لە ئەزموونی رابردوویان بەرامبەر ئەم تیپە.

سەبارەت بە وردەکارییە تەکتیکییەکان، مانی ئاماژەی بەوە کرد کە پلانی سەرەکییان بێبەشکردنی میسر بووە لە دروستکردنی هێرش و کۆنترۆڵکردنی ناوەڕاستی مەیدان، لەگەڵ پەیڕەوکردنی چاودێرییەکی توند بۆ سەر کلیلەکانی یاری میسر کە بریتی بوون لە محەمەد سەڵاح و عومەر مەرمووش.

مانی ستایشی هاوسەنگی نێوان هێڵەکانی بەرگری، ناوەڕاست و هێرشبەری تیپەکەی کرد و گۆڵەکەی خۆشی بۆ هەستی گۆڵکاری و قۆستنەوەی دەرفەت لە کاتی گونجاودا گەڕاندەوە.

هەروەها سادیۆ مانی سوپرایزێکی گەورەی راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە دوایین یاری کۆتایی دەبێت بۆ ئەو لە مێژووی جامی نەتەوەکانی ئەفریقادا، بۆیە هیوای خواست بە بردنەوەی نازناوەکە کۆتایی پێ بهێنێت.

لە کۆتاییشدا جەختی کردەوە کە ئەوان باش دەزانن یاری کۆتایی چۆن ئەنجام دەدرێت و وتی: یاری کۆتایی بۆ ئەوە دروست کراوە کە تێیدا ببیته براوە بە هەر شێوەیەک بێت، و بەڵێنی دا هەموو هەوڵێکیان بدەن بۆ ئەوەی جامی ئەفریقا ببەنەوە بۆ وڵاتەکەیان.