ئەستێرەیەکی میسڕی بەهۆکارێکی سەیر دەستگیرکرا

PM:06:47:30/07/2025

168 جار خوێندراوەتەوە

+ -

سۆبحی یاریزانی میسڕی بەهۆی ئەوەی کەسێکی لەجێی خۆی بۆ تاقیکردنەوەکان ناردووە دەستگیردەکرێت.

رەمەزان سۆبحی یاریزانی میسڕی و یانەی پیرامیدزی وڵاتەکەی پاش گەڕانەوەی لە یارییەکی دۆستانە لە تورکیاوە بۆ میسڕ لە فڕۆکەخانەی قاهیرە بە هۆکارێکی سەرنجڕاکێش دەستبەسەر دەکرێت.

ئەستێرەکەی پیرامیدز لە یاری یانەکەی بەشداری کرد کاتێک بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە تراکتۆری ئێرانیان بردەوە، پاش ئەوەی تورکیاشیان بەجێهێشت و گەیشتە خاکی میسڕ بەهۆی فێڵ کردن لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا.

پێشتر دۆسیە بۆ بابەتەکە کرابوەوە لە کاتێکدا لەگەڵ شاندی یانەکەی لە تورکیا بوو فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سوبحی دەرچوو، میدیاکانی میسڕیس بڵاویانکردەوە، بابەتەکەش بە جۆرێک بووە یاریزانەکە فێڵێکی گەورەی ئەنجامداوە و گەنجێک بە ناوی یوسف لە جێی ئەو تاقیکردنەوەکانی ئەنجامداوە لە زانکۆیەکی گەشتیاریدا، دواتر دەرکەوتووە یاریزانەکە بە کرێی گرتووە و لە جێی خۆی ناردوویەتی بۆ تاقیکردنەوەکان.

یوسفی 23 ساڵان دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، دادوەری دۆسییەکەش هەموو بەڵگەکانی کۆکردووەتەوە و لە کۆتایدا بڕیاری دەستگیرکردنی ئەستێرەکەی یانەی پیرامیدزی داوە و تا ئێستاش یانەکەی و نزیەکەکانی سوبحی سەبارەت بە دۆسییەکە بێدەنگن، بەڵام میدیا میسرییەکان باس لەوەدەکەن پیرامیدز لەلایەن دەستی یاساییانەوە لێکۆڵینەوە بۆ دۆسییەکە دەکەن.

رەمەزان سوبحی 28 ساڵان، لە ریزەکانی یانەی ئەهلی وڵاتەکەی دەستی بە یاریکردن کردووە و پاشان روویکردە یانەی ستۆک سیتی ئینگلتەرا و لەوێشووە چووە یانەی هایدرسفێڵد، لە ئێستاشدا لە خولی وڵاتەکەی و لە یانەی پیرامیدز یاریدەکات، وە یاریزانی هەڵبژاردەی میسڕیشە.