محەمەد سەڵاح: چوار یانە پاڵێوراون بۆ نازناوی پریمەر لیگ

PM:10:58:22/08/2022

1508 جار خوێندراوەتەوە

+ -

سەڵاح دوپاتیکردەوە چوار یانە پاڵێوراون بۆ بردنەوەی نازناوی پریمەر لیگ و چەند یاریزانێکیش هەوڵی گۆڵکاری دەدەن.

محەمەد سەڵاح یاریزانی یانەی لیڤەرپوڵی ئینگلیزی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی سکای سپۆرت رایگەیاند کە چوار یانەی پاڵێوراوی سەرەکین بۆ بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی پریمەر لیگ کە ئەوانیش هەریەکە لە لیڤەرپوڵ و مانچستەر سیتی و چێڵسی و ئارسناڵن.

سەڵاح وتی: لە وەرزەکانی رابردوودا ئارەزووی ئەوەم هەبوە کە نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئوروپا بەدەستبهێنین بەڵام بۆ ئەم وەرزە جیاوازە و دەمەوێت نازناوی پریمەر لیگ لەگەڵ یانەکەم بەرزبکەمەوە.

وتیشی: کێبڕکێکردنی خەڵاتی گۆڵکاری ئەم وەرزەی پریمەر لیگ ئاسان نابێت چونکە چەند یاریزانێکیتریش هەوڵی بۆ دەدەن بە نمونەی ئیرلینگ هالاند و هاری کەین و گابرێل جیسۆس .

دوپاتیشیکردەوە، گرنگی بە بردنەوەی نازناوە تاکە کەسییەکان نادات بەڵکو ئەوەی گرنگە بۆی بەدەستهێنانی نازناوی بە کۆمەڵە بۆ یانەکەی لەگەڵ هاوڕێکانیدا.

لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەشی، سەڵاح ئاشكرایکرد کە هاندەرانی یانەکەی هۆکاری سەرەکی نوێکردنەوەی بوون چونکە چەندین نامەی پشتگیریان بۆ ناردووە و داوای مانەوەیان لێکردووە کە ئەویش دڵخۆش بوە بەو هەڵوێستەی هاندەرەکانی یانەکەی.

خ . ک