نەیمار بەدەست خراپی دۆخەی جەستەیەوە دەناڵێنێت

AM:10:01:22/03/2026

140 جار خوێندراوەتەوە

+ -

نەیمار بەدەست خراپی دۆخەی جەستەیەوە دەناڵێنێت و لە یاری داهاتووی سانتۆسیش بەو هۆکارە یاری ناکات.

بارودۆخەکان دژی نەیمار دا سیلڤای تەمەن 34 ساڵ دەوەستنەوە و ئەم ئەستێرە بەڕازیلییە تووشی پاشەکشەیەکی نوێ بووە لە هەوڵەکانی گەڕانەوەی بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەی سیلیساو دوای ئەوەی کارلۆ ئەنچێلۆتی ڕاهێنەری ئیتاڵی بڕیاری دا ناوی ئەم یاریزانە لە لیستی هەڵبژاردەی بەڕازیل بۆ هەردوو یاری دۆستانەی بەرانبەر فەڕەنسا و کڕواتیا لەم مانگەدا دوور بخاتەوە.

هەرچەندە نەیمار لەگەڵ یانەی سانتۆس گەڕاوەتەوە ناو کەشوهەوای کێبڕکێکان بەڵام ئەنچێلۆتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا زۆر ڕاشکاو بوو لە هۆکاری دوورخستنەوەی و ڕایگەیاند کە هۆکارەکە تەنیا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ناوبراو لە باشترین ئاستی جەستەیی خۆیدا نییە و ئەوان پێویستیان بە یاریزانێکە سەد لە سەد ئامادە بێت، هەرچەندە جەختی کردەوە کە دەرگا بە ڕووی ئەودا دانەخراوە بەڵام دەبێت لە ناو یاریگادا توانای جەستەیی ڕاستەقینەی خۆی بسەلمێنێت.

هاوکات لەگەڵ ئەم بڕیارەدا ڕاهێنەری یانەی سانتۆسیش بڕیاری دا نەیمار لە یاری داهاتووی بەرامبەر یانەی کروزێرۆ دوور بخاتەوە بە مەبەستی ڕێکخستنی کاتەکانی یاری و دوورخستنەوەی لە مەترسی پێکان چونکە بە بڕوای ڕاهێنەرەکە ئەنجامدانی سێ یاری لە ماوەی حەوت ڕۆژدا مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئەم یاریزانە.

ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکی هەستیاردا دێن کە نەیمار پێشتر بەهۆی ئامادەنەبوونی جەستەیی لە یاری بەرامبەر میراسۆل ڕەخنەی لێ گیرابوو کە هاوکات بوو لەگەڵ ئاهەنگی ڕۆژی لەدایکبوونی خوشکەکەی.