سەردێڕ:

محەمەدی حاجی مەحمود: یەکێتی و پارتی ئابوری هاوبەش و حکومەتی هاوبەشیان هەیە پێویستییان بە نێوەندگیر نیە

AM:08:53:05/04/2022

11368 جار خوێندراوەتەوە

سکرتێری پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، یەکێتی و پارتی نزیكن له‌یه‌كتریه‌وه‌ و پێكه‌وه‌ن، حكومه‌ت و په‌رله‌مانیان پێكه‌وه‌یه‌، له‌ به‌غداد و هه‌رێم هاوبه‌شن، له‌رووی ئابوریی و دامه‌زراوه‌ی هه‌رێم هاوبه‌شن و پێویستییان بە کەسی سێیەم نییە نێوەندگیریان بکات.


مەحەمدی حاجی مەحمود سکرتێری پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لەبارەی سەردانەکەی بۆلای مەسعود بارزانی سکرتێری پارتی بۆ دەنگی ئەمریکا دواو رایگەیاند، چەند دەستپێشخەرییەکی بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لە نێو لایەن کوردییەکان و شیعەکان خستووەتەبەردەم مەسعود بارزانی.

ئاماژەی بەوەشدا، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی هەڵوویستی ئەرێنی بووە و پشتگیری لەئاشتی و چارەسەر کردنی کێشەکان کردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، لەم رۆژانەدا وەفدێکی چوارچێوەی هەماهەنگی دێنە هەولێر بۆ لای مەسعود بارزانی.

محەمەدی حاجی مەحمود باسی لەوەشکرد، هۆکاری سەردانەکەی بۆ لای مەسعود بارزانی ئەوەبووە بار و دۆخەکە تەواو گرژبووە و زۆرێک لە رووداوەکان لەدەرەوەی بڕیارەکانی یەکێتی و پارتی و لایەنەکان روودەدەن و ئەمەش جێگەی مەترسییە.

دەشڵێت، لەبارەی موشەکباران کردنی هەولێرەوە لەگەڵ مەسعود بارزانی گفتوگۆی کردووە و ئاماژەی بەوەشدا، "ئێمه‌ پێمانوایه‌ من خۆشم پێشتر ئه‌و بابه‌ته‌م باسكردووه‌، پێموایه‌ زانیاری هه‌ڵه‌ درابێت به‌ ئێران، یاخود ده‌كرێت بڕیاره‌كانی دادگای عێراق به‌شێك بێت له‌و هه‌وڵانه‌ بۆیه‌ من پێموایه‌ ئێران وڵاتێكی گه‌وره‌یه‌ له‌ناوچه‌كه‌ و هێزێكی گه‌وره‌یه‌ سنوری زیاتر لە ٦٠٠ كیلۆمه‌تر له‌گه‌ڵ كوردستاندا هه‌یە".

وتیشی، ئێران هه‌میشه‌ هاوكار و پشتیوانی كردووه‌ له‌ خه‌ڵكی كوردستان ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ش كوردستان مه‌ترسی نه‌بووه‌ نه‌ له‌سه‌ر ئێران نه‌ له‌سه‌ر توركیا به‌ڵكو ڕێگه‌یه‌ك بووه‌ له‌ڕووی بازرگانی و له‌ڕووی هاتووچۆوه‌ ئه‌وانیش سوودی زۆرییان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی یەکشەممەی رابردوو محەمەدی حاجی مەحمود سکرتێری پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان سەردانی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لە بارەگای تایبەتی بارزانی کرد.













گەلەری