سەردێڕ:

نرخی دۆلار زیاتر دابەزی

PM:05:32:20/02/2022

225844 جار خوێندراوەتەوە

پاش تویتێکی سەرۆکی رەوتی سەدر لە چەند رۆژی رابردوودا، نرخی دۆلار بەردەوام گۆڕانکاری بەسەردا دێت و نرخی داخستنی بازاڕیش جیاوازە لە نرخی کردنەوەی بازاڕ.


ئەمڕۆ یەکشەممە، لە کاتی داخستنی بازاڕی دراوەکان و تەنها لەماوەی کەمتر لە کاتژمێرێکدا نرخی دۆلار دابەزینی زیاتری تۆمارکرد و ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە ١٤٣ هەزار و ٥٠٠ دینار مامەڵەی پێوەکراوە کە ئەمەش کەمترین نرخە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا تۆمارکرابێت.

هاوکات لە بازاڕەکانی هەولێر کڕینی دۆلار بە ١٤٠ هەزار دینارە و فرۆشتنی بە ١٤٣ هەزار دینارە.

لە کاتێکدا، بەیانی ئەمڕۆ لە کاتی کردنەوەی بازاڕی دراوەکاندا نرخی ١٠٠ دۆلار بە ١٤٥ هەزار و ٧٥٠ بوو تەنها لە ماوەی ئەمڕۆدا زیاتر لە دوو هەزار دینار گۆڕانکاری بەسەر نرخی دۆلاردا هاتووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە نرخی دۆلار لە شاری هەولێر دابەزیووە بۆ ١٤٣ هەزار دینار و لە بەسرا ١٤٢ هەزار و ١٠٠ دینار و لە کیفاح ١٤٢ هەزار و ٩٠٠ دینارە.

کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٠، بانکی ناوەندی و حکومەتی عێراق گۆڕانکارییان کرد لە بڕ و نرخی فرۆشتنی دۆلاردا و نرخی خستنەڕووی لە ١١٨ ھەزار دینارەوە بەرزکرایەوە بۆ ١٤٥ ھەزار دینار.

لە چەند رۆژی رابردوودا سەرۆکی رەوتی سەدر لە تویتێکدا چەند پێشنیازێکی بۆ دابەزینی نرخی دۆلار خستەڕوو و داوای کرد وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی بانگهێشتی پەرلەمان بکرێن لەسەر هەمان پرس، دواتر جێگری سەرۆکی پەرلەمان بانگهێشتکردنی ئەو دوو بەرپرسەی راگەیاند.

دوێنێ بڕیاربوو وەزیری دارایی بچێتە پەرلەمان بەڵام ناوبراو رایگەیاند، کە بەشداری کۆبوونەوەکە ناکات و حاکم زاملیش داوای لە وەزارەتی ناوخۆ کرد، قەدەغەی گەشتی دەرەوەی وڵات بخرێتە سەر ئەو وەزیرە.

نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانیەتی دەوڵەتی یاسا لە تویتێکدا داوای کەمکردنەوەی نرخی دۆلاری کرد و وتی، "ئەوە کارێکە خزمەت بە گەلی عێراق دەکات بەتایبەتیش چینە کەمدەرامەتەکان کە زەرەرمەندبوون بە کەمکردنەوەی بەهای دینار."













گەلەری