سەردێڕ:

‎هاتوچۆ لەبارەی هاوردەکردنی ماتۆڕسکلیەوە پێشنیازێک دەکات

PM:10:58:21/01/2022

5016 جار خوێندراوەتەوە

‎بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی عێراق رایگەیاند، بە ئامانجی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و ئاستەنگەکانی هاتوچۆ لەسەر شەقامە گشتییەکان سێ پێشنیاز دەخاتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران. دەشڵێت، "یەکێک لە پێشنیازەکان راگرتنی هاوردەکردنی ماتۆڕسکیلە بۆ ماوەی پێنج ساڵ".


‎ئەمڕۆ هەینی، تارق ئیسماعیل روبەیعی بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی عێراق بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، بەشێک لەو رێوشوێنانەی پێویستە بگیرێنەبەر بە ئامانجی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی سەر شەقامە گشتییەکان، هەموارکردنەوەی بڕیاری ٢١٥یە کە رێگەدەدات بە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل بەرامبەر مراندنی ئۆتۆمبێلێکی دیکەیە.

ئاماژەی بەوەشدا، هەنگاوێکی دیکە هەموارکردنەوەی بڕیاری ٦٨ە، کە هاوڵاتییان سەرپشک دەکات لە پێدانی رسومات بەگوێرەی مەکینەی ئۆتۆمبێل کە پێویستە بۆ هەر بستۆنێک ٥٠٠ هەزار دینار بدات، بەمەش ئۆتۆمبێلی چوار بستۆن دوو ملیۆن دینار دەدات و هەشت بستۆن چوار ملیۆن دینار دەدات.

دەشڵێت، پێویستە ئەم دوو بڕیارە یەکبخرێن و تەنها بە مراندنی ئۆتۆمبێل بتوانرێت ئۆتۆمبێلی نوێ هاوردەبکرێت و ئۆتۆمبێلی تایبەت بتوانرێت بگۆڕدرێت بۆ گشتی و ئۆتۆمبێلی بار هەڵگر و بە پێچەوانەشەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، پێشنیازی دووەم ئەوەیە ئۆتۆمبێلەکان سکراب بکرێن و بە دیاری بدرێنە وەزارەتی پیشەسازی، ئەمەش لەبەرژەوەندی حکومەتدا دەبێت لە بەکارهێنانەوەیان لە پیشەسازی ئاسندا.

باسی لەوەشکردووە، پێشنیازی سێیەم بریتییە لە راگرتنی هاوردەکردنی ماتۆڕسکیل بۆ ماوەی پێنج ساڵ، جگە لە ماتۆڕسکیلی سەربازی و حکومی، چونکە ئەوەی ئێستا هەیە بەشی ١٠ ساڵی ئایندە دەکات.

ئەمە لەکاتێکدایە، بەهۆی زۆربوونی ژمارەی ئۆتۆمبێل و ماتۆرسکیلی هاوردەکراو و خراپی رێگەوبان و نوێ نەکردنەوەی سیستمی هاتوچۆ و نەبوونی هۆیەکانی گواستنەوەی گشتی، هەرێم و عێراق رۆژانە رووبەڕووی کێشەی قەرەباڵغی هاتوچۆ لە شەقامە سەرەکی و گشتییەکاندا دەبنەوە و رووداوەکانی هاتوچۆش روو لە زیادبوونن.













گەلەری