ئەنجومەنی زانکۆی سۆران بڕیاریدا بە دواخستنی تاقیکردنەوەکانی رۆژانی شەممە و یەکشەممەی ئەم هەفتەیە لەسەرجەم کۆلێژەکانی زانکۆکە بۆ رۆژانی دواتر. دەشڵێت، "هۆکاری دواخستنەکە پاراستنی سەلامەتیی قوتابیان و مامۆستایانە لە نزمبوونەوەی پلەکانی گەرمادا".
زانکۆی سۆران راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "ئەنجومەنی زانکۆی سۆران کۆبوونەیەکەی نائاسایی ئەنجامدا. لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیارلە سەر دواخستنی تاقیکردنەوەکانی ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە بۆ رۆژانی دواتر درا".
ئاماژەی بەوەشداوە، "هۆکاری دواخستنەکە پاراستنی سەلامەتیی
قوتابیان و مامۆستایانە لە نزمبوونەوەی پلەکانی گەرمادا".
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لیژنەی تاقیکردنەوەکان لە ڕێگەی بەشە
زانستییەکانی فاکەڵتییەکانەوە وردەکاریی زیاتری گۆڕانکارییەکانی خشتەی تاقیکردنەوەکان
بڵاو دەکەنەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی
رایگەیاند، بەڕەچاوکردنی سەختی کەش و ھەوای پارێزگای سلێمانی و دەوربەری و بەستنی
رێگاوبانەکان، بڕیاردرا بە دواخستنی تاقیکردنەوەکانی رۆژانی شەممە و یەکشەممە لە سەرجەم
کۆلێژەکان بۆ رۆژی دووشەممە و رۆژانی دواتر بەپێی ئەو خشتەیەی کۆلێژەکان دایدەنێن.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لە رۆژی شەممەوە بەشە ناوخۆییەکانی
زانکۆ بە رووی خوێندکارانی دەرەوەی شاردا دەکرێنەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە، پێویستە
ئەو وانانەی کە نەخوێندراون بەشێوەی ئەلیکترۆنی؛ لەناو هوڵەکان بخوێندرێن، هاوکات،
ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی خویندکاران و مامۆستایان و فەرمانبەران ئاگاداردەکاتەوە،
رۆژی یەکشەممە دەوامی زانکۆکە ئاسایی دەبێت.
ماوەی چەند رۆژێکە شەپۆلێکی بەفربارین و سەرماوسۆڵە ناوچەکانی
هەرێمی کورددستانی گرتووەتەوە و لە سنوری پارێزگای سلێمانی پلەکانی گەرما چەند پلەیەک
بۆ ژێر سفری سیلیزی دابەزیوە.