سەردێڕ:

ئاگادارییەک لە پەروەردەی هەولێرەوە

PM:10:38:14/01/2022

370844 جار خوێندراوەتەوە

بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر لە ئاگادارییەکدا دەڵێت، سبەینێ تاقیکردنەوەکانى کۆتایی وەرزی یەکەم لە کاتژمێر ٩:٣٠ دەستپێدەکات و "لەکاتى بوونى باران و لافاودا پێویست ناکات خوێندکاران بچنە ناوەندەکانى خوێندن."


بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "لە رۆژی شەممە تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی کۆتایی وەرزی یەکەمی گشت قۆناغەکانی خوێندن بە (پەروەردەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران)یشەوە، لە کاتژمێر (٩:٣٠) خولەکی بەیانیان ئەنجامدەدرێت."

ئاماژەی بەوەشكردووە، "لە تەواوی ناوەندەکانی خوێندن، ئەو قوتابخانانەشی بەچەند قۆناغێک تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندنەکان ئەنجامدەدەن پابەند دەبن بەوەی بەگوێرەی کە ماوەی ئەو کاتژمێرەی کە لە (٨:٣٠ )گۆڕدراوە بۆ (٩:٣٠) ئەوانیش کاتژمێرێک لەکاتی تاقیکردنەوەکانیان دەگۆڕدرێت."

باسی لەوەشکردووە، "لە حاڵەتی روودانی لافاو یان گرفتی هاتوچۆی رێگاوبانەکان بەهۆی کەش و هەواوە، داوا لە بەخێوکارانی قوتابیان دەکەین کە پێویست ناکات منداڵەکانتان بنێرنەوە بۆ قوتابخانە بە دڵنیایی لەکاتی گونجاو قەرەبوو دەکرێنەوە و هیچ جۆرە دڵەراوکێ و نیگەرانییەکتان لەوبارەیەوە نەبێت."

لە ھەولێر لەگەڵ باران بارینی ئەمشەویشدا جارێکی دیکە لافاو دروستبووەوە.

بەگوێرەی وتەی پسپۆڕان و ئەندازیاران، هۆکاری لافاوەکان نەبوونی سیستمی ئاوەڕۆیەکی باشە بەگوێرەی ستانداردە جیهانییەکان.

رۆژی ١٧ ی مانگی ١٢ی ساڵی رابردوو، لە چەند گەڕەكێكی شاری هەولێر لافاو دروستبوو ١٢ كەس گیانیان لەدەستدا، لەگەڵ ئەوەشدا ئاوارەبوونی خەڵكێكی زۆریشی لێكەوتەوە.

لەبارەی قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە لێدوانی جیاواز دەدرێت، دوێنێ، جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم وتی، "هەموو ئەو کەسانە قەرەبوو کراونەتەوە کە بەهۆی لافاوەکەی هەولێرەوە زیانیان بەرکەوت"، لە بەرامبەردا، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر باسی لەوەکرد، "هەوڵدەدەین بەمنزیکانە زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەولێر قەرەبوو بکەینەوە."

رووداوی لافاوەکان نیگەرانی و كاردانەوەی زۆری لەسەر ئاستی گشتی بەدوای خۆیدا هێناوە و هاوڵاتییان پێیان وایە ئەمەی روودەدات دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمی حکومەت چونکە لەگەڵ هەر باران بارینێکدا لافاو دروست دەبێت.

 













گەلەری