سەردێڕ:

بارەگای دوو حزب لەبەغدا کرانە ئامانج

AM:08:37:14/01/2022

9188 جار خوێندراوەتەوە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی بەغدادی پایتەختی عێراق دوو هێرشی بەخۆیەوە بینی کە کرایە سەر دوو بارەگای هاوپەیمانێتییەکانی تەقەدوم و عەزم لە دوو ناوچەی جیاوازی شارەکە.


بەگوێرەی زانیارییەکان هێرشی یەکەم بۆ سەر هاوپەیمانێتییەکەی محەمەد حەلبووسی بووە لە ناوچەی ئەعزەمییەی بەغداد و هێرشی دووەم بۆ سەر هاوپەیمانێتییەکەی خەمیس خەنجەر بووە لە ناوچەی یەرمووک.

زانیارییەکان باس لەوەدەکەن، هێرشەکەی سەر بارەگای هاوپەیمانێتی تەقەدوم لەرێگەی بۆمبی دەستییەوە بووە و هەڵدراوتە ناو بارەگاکەوە و زیانی ماددی بە بیناکە گەیاندووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، هێرشی دووەم کە بۆ بارەگای هاوپەیمانێتی عەزم بووە لە ناوچەی یەرمووک تا ئێستا دیار نییە ئاخۆ لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بووبێت یاخود بۆبی دەستی بێت هاوشێوەی هێرشەکەی ناوچەی ئەعزەمییە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەردوو هاوپەیمانی تەقەدوم و عەزم کە دوو هێزی سوننەن لە عێراق و بەجیا بەشداریی هەڵبژاردنی ١٠ی تشرینی یەکەمیان کرد، هاویمانییەکیان لەژێر ناوی هاوپەیمانی سوننەکان پێکهێنا و بڕیاریشیاندا محەمەد حەلبوسی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کاندید بکەن.

هاوکات، لە هەڵبژاردنی ١٠ی ترشینی یەکەمی ساڵی رابردوو، هاوپەیمانی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی ٣٧ کورسی و هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر ١٤ کورسییان لە کۆی ٣٢٩ کورسی بەدەستهێناوە.

 

 













گەلەری