سەردێڕ:

کەشناسی هەرێم: بەفر و باران دەستپێدەکاتەوە

AM:11:13:09/01/2022

8528 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی هەرێم رایگەیاند، سبەینێ لەناوچە جیاجیاکان نمەباران دەبارێت و لەشەودا زیاتر دەبێت. دەشڵێت، "لە لوتکەی شاخەبەرزە سنورییەکان بەفر دەبارێت".


ئەمرۆ یەکشەممە، بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی گشتی و بومەلەرزەزانی هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ئەمڕۆ ئاسمانی هەرێم ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، سبەینێ ئاسمانی پارێزگای هەولێر نیمچەهەور دەبێت و لە دوانیوەڕۆوە بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت و باران لە کاتەکانی دوانیوەڕۆدا دەستپێدەکات. دەشڵێت، لەناوچە شاخاوییەکان رێژەی باران بارین زیاتر دەبێت و لە لوتکەی شاخەبەرزە سنورییەکان بەفر دەبارێت.

راگەیەنراوەکەی ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە ئاسمان نیمچەهەوردەبێت و لە ئێوارەدا دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو و لە ناوچە جیاجیاکان نمەباران دەبارێت و لەشەودا باران بارین لە سنوری پارێزگاکە زیاتر دەبێت.

لەبارەی کەشوهەوای پارێزگای دهۆکەوە کەشناسی ئاشکرای کردووە، سبەینێ ئاسمانی پارێزگاکە هەوری تەواودەبێت و لە زۆربەی ناوچەکان بارانبارین دەستپێدەکات. دەشڵێت، لە ناوچە شاخاوییەکان بارانی مامناوەند دەبارێت و لە سەر لوتکەی شاخە بەرزەکان بەفر دەبارێت.

راگەیەنراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، سبەینێ ئاسمانی پارێزگای کەرکوک نیمچەهەوردەبێت و هەندێ کات دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو لەگەڵ ئەگەری بارینی نمەباران.

ئەمە لەکاتێکدایە، دەستەی کەشناسی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، لە رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیەوە بارانبارین بە ھەورەبروسکەوە لە ھەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە و بەگوێرەی پێشبینییەکان ھەفتەیەک بەردەوام دەبێت.














گەلەری