بەرگریی شارستانیی هەولێر، بەهۆی نزیکبوونەوەی وەرزی پاییز و بەهێزبوونی با، هۆشداری دەداتە هاوڵاتییان و خاوەن پڕۆژەکان کە بەهۆی زۆریی ڕووبەری پوش و پاوان لەچاو ساڵانی ڕابردوودا، ئەگەری تەشەنەکردنی ئاگر زیاترە، بۆ ئەم مەبەستەش زنجیرەیەک ڕێنمایی و رێکاری پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتییانی بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ شەممە ٢٩ـی ئابی ٢٠٢٦، بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی پارێزگای هەولێر، ڕاگەیەنراوێکی هۆشیداریی ئاراستەی هاوڵاتییان و خاوەن پڕۆژەکان کرد، تێیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە لەوەرزی داهاتوودا، بەهۆی بەهێزبوونی باو زۆریی ڕووبەری پوش، پاوان و گیا وشکبووەکان بەبەراورد بەساڵانی ڕابردوو، مەترسیی تەشەنەکردن و بڵاوبوونەوەی خێرای ئاگر لەئارادایە.
هاوکات بەرگریی
شارستانی داوا دەکات بۆ پاراستنی سەروماڵ و دورکەوتنەوە لەڕووداوی نەخوازراو، رێکاری
پێویست لەپڕۆژەکان، بەنزینخانەکان، عەمبارەکانی سوتەمەنی، پاڵاوگەکان، کۆگاکان،
کارگەکان و کێڵگە پەلەوەرییەکاندا بگیرێتەبەر.
ڕێنمایی و ڕێکارە
سەرەکەییەکانی بەرگریی شارستانی بۆ ئەم مەبەستە بەم شێوازەی خوارەوە پۆلێن کراون:
یەکەم: ڕێکارەکانی
پاراستنی دەوروبەری پڕۆژە و شوێنەکان
دروستکردنی هێڵی
بەربەست: پێویستە دەوروبەری کۆگا، کارگە یان کێڵگەکان بە پانی لایەنیکەم (١٠ تا ١٥
مەتر) لە پووش، گیا و پاوان پاک بکرێتەوە، بۆ ئەوەی رێگری لە پەڕینەوەی ئاگر بۆ
ناو پڕۆژەکان بکرێت.
دوورخستنەوەی
پاشماوەکان: پێویستە سەرجەم کۆنە کەلوپەل، کارتۆن، تەختە، پاشماوەی رۆن و هەر ماددەیەکی
دیکەی زوو گڕگرتوو لە حەوشە، پەنای دیوارەکان و دەوروبەری شوێنەکان دوور بخرێنەوە.
قەدەغەکردنی
سوتاندنی ناڕێکخراو: بە هەموو شێوەیەک سوتاندنی پوش و پەڵاشی دەوروبەری پڕۆژەکان بەمەبەستی
پاککردنەوە قەدەخەیە، چونکە بەهۆی باوە بەخێرایی کۆنترۆڵ لەدەست دەدرێت و تەشەنە دەکات.
دووەم: سیستەمی
پاراستن و ئامێرەکانی ئاگرکوژێنەوە
تەنکەر و سۆندەی
ئاو: دابینکردنی سۆندەی ئاوی درێژ بە پەستانی بەرز، یان ئامادەکردنی تەنکەری ئاو و
ئۆتۆمبێلی تایبەت لە ناو شوێنەکەدا بۆ کاتی فریاگوزاری.
بەتانی و ئامێری
ئاگرکوژێنەوەی دەستی: دابینکردنی ئامێری ئاگرکوژێنەوەی گونجاو لەشوێنە هەستیارەکاندا،
لەگەڵ دڵنیابونەوە لەبەسەرنەچوونی ماوەی بەکارهێنانیان.
سیستەمی
ئاگادارکردنەوە: بەگەڕخستنی سیستەمی هەستیاری ئاگادارکردنەوەی دووکەڵ و گەرمی لە
ناو کۆگا، هۆڵ و کارگەکاندا.
سێیەم: پاراستنی
تۆڕەکانی پێداویستی و کارەبا
پشکنینی سیستەمی
ئاگرکوژێنەوە: پێویستە بەردەوام دڵنیایی بدرێت لە کارکردنی سیستەمەکە لە گشت بەشەکاندا
و پڕبوونی تانکییەکانی ئاو.
پشکنینی تۆڕی
کارەبا: چاککردنەوە و داپۆشینی سەرجەم وایەرە رووتەکان و بەکارنەهێنانی بەستەری
ناستاندارد لەکێڵگە، پڕۆژە و کارگەکاندا.
پاککردنەوەی دەوروبەری
سەرچاوەکانی کارەبا: پاککردنەوەی بنکە و ژێر تاوەرەکانی گواستنەوەی کارەبا، محاویلەکان
و ئەو شوێنانەی ئەگەری دروستبوونی شۆرتی کارەبایان لێدەکرێت.
پاراستنی شوێنی
موەلیدەو سوتەمەنی: دانانی تانکییەکانی سووتەمەنی و موەلیدەی کارەبا لە شوێنێکی چۆڵ
و دوور لە پۆش و پاوان، بە بێ بوونی هیچ ئاوێتەیەکی زوو گڕگرتوو لە دەوروبەریدا.
چوارەم: رێکارەکانی
کاتی فریاگوزاری
- لەکاتی هەستکردن
بەهەر دووکەڵ یان ئاگرێک، یەکەم پێویستی و هەنگاو بریتییە لەپەیوەندیکردنی راستەوخۆ
بە هێڵی گەرمی بەرگریی شارستانی لە ڕێگەی ژمارە ١١٥، پێش ئەوەی ئاگرەکە تەشەنە بکات.
- ئەنجامدانی
راهێنانی بەردەوام بۆ کارمەند و کرێکارانی پڕۆژەکان لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی ئامێرەکانی
ئاگرکوژێنەوە، رێگاکانی دەربازبوون و چۆڵکردنی شوێنەکە لە کاتی باری فریاگوزاریدا.