سەردێڕ:

پێویستە پێش روودانی لافاو چی بکرێت؟ ئەم خاڵانە جێبەجێ بکەن

PM:04:13:17/12/2021

12736 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی دروستبوونی لافاو لە چەند ناوچەیەکی هەرێم و گیان لەدەستدانی چەندین کەس، بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی پارێزگای سلێمانی ژمارەیەک رێنمایی بڵاوکردەوە کە پەیوەستە بە گرتنەبەری چەند رێوشوێنێکی پێویست پێش ئەوەی لافاو رووبدات، ھاوکات ئاماژەی بە ئەرکەکانی حکومەتیش داوە.


ئەمڕۆ ھەینی، بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی پارێزگای سلێمانی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە لە ژێر ناونیشانی، "ئێمەی ھاوڵاتی چی پێویستە بیکەین پێش روودانی لافاو و دوای دروست بوونی لافاو."
رێنماییەکانی بەرگری شارستانی سلێمانی: 
١- پێوستە ھەموو ماڵێک بۆری ئاوەڕۆی  موڕەجەعی بۆ  دابنێت  لە دەرەوەی ماڵی خۆی تا لە کاتی پڕبـوونی مەنھۆڵی گەڕەکدا نەگەڕێتەوە  ناو خانوەکەی.
٢- ئەو ماڵانەی گەراجی دفن یا نھۆمێکی خانوەکەیان چاڵە لە ئاستی جادەوە پێویستە حەوزێکی مەتر موکەعەب دروست بکات و موزەخەی تایبەتی ئاو سەحب کردن دابنێت لە ناوی دا بە حەرەسی زیرەکەوە، ھەرکات ئاو ھاتە ژوورێ ئۆتۆماتیکی  خۆی بکەوێتە کار و نەھێڵێت ئاو گل بێتەوە.
٣- پاکردنەوەی مەنھۆڵی ناو ماڵ لە زیخ و بەرد قوڕ و  پیسی، ھەروەھا لابردنی سەر گونجەکان لە سەربان و حەوشە تاکو ئاو بە رێژەیەکی زیاتر بڕوات.
٤- پاک کردنەوەی سەربان و حەوشە لە گەڵا و عەلاگە و مەقابا تا لە کاتی باران باریندا نەچنە بەردەم مەنھۆڵ و گونجەکان.
٥- ئەو ماڵانەی لە گەڕەکی لاوەکی دان ئاوی شەقامێکی سەرەکی دێتەوە سەری، پێویستە رێڕەوی ئاوەکە بگۆڕن بۆجێگەیەکی گونجاوتر لە رێگەی فەردە لم، یان تاسە دانان بە کۆنکرێت ئاستی بەرزی و نزمی تاسەکە  لە ژێر چاودێری یاساکانی ھاتووچۆدا.
٦- کوژانەوەی سەرچاوەی کارەبا لەو جێگەیەی ئاوی تێدا کۆبۆتەوە و ئەندامانی خێزانەکە قاچیان لە ناوی دایە و  خەریکی دەرھێنانی ئاوەکەن، چونکە مەترسیدارترین رووداو ئەوەیە ئاو بگاتە ئاستی سویچ پلاک و کارەبا بچێتە سەر ئاوەکە.
٧- ئەو ماڵانەی ساڵانە دووچاری ھاتنە ژوورەوەی لافاو دەبن و ھیچ ئامادە سازیەکیشیان لەم رێنماییانە نەکردووە بۆ خۆپاراستن، پێویستە کەلوپەلی کارەبای بەنرخ و ئاڵتون و پارە لە جێگەی نزمدا دانەنێن، تاکو  رووداوەکەش روویدا زەرەروو زیان کەمتر بێت.
٨- سەلامەتی خۆت و ماڵ و مناڵ و ئەندامانی خێزانت لە پێش ھەموو شتێکەوەیە  گەر ھیچت پێ نەکرا باشترین  شت ئەوەیە بێیتە دەرەوە  بچیتە جێگەیەکی سەلامەت.
٩- ئەو ماڵانەی سەربانیان گڵ و دارە، پێویستە بە زووترین کات بێنە دەرەوە و نەمێننەوە لە ژێریا، چونکە مەترسی تەپین و رووخانی ھەیە.
لەبەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەی بەرگری شارستانی سلێمانیدا ھاتووە، ئەو ئەرکانەی لەسەرشانی حکومەتە و پێویستە ئەنجامیان بدات، بریتین لە ساڵانە مەنھۆڵی گەڕەکەکان لە رێگەی لایەنی پەیوەندیدارەوە پاک بکرێتەوە، چونکە زۆربەی مەنھۆڵەکانی شار لـم و قـوڕ و لیتە پــڕی کردونەتەوە و گیراون و زۆربەیان سەرە مەنھۆڵەکەش دیارنەماوە و بووە بە جادە.
ئاماژەی بەوەشداوە، پێویستە بەردەوام پەیوەنیان لەگەڵ کەشناسیدا ھەبێت و پێشوەخت ھاوڵاتیان ئاگاداربکەنەوە لە ئەگەری روودانی ھەر لافاوێک.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەهۆى دروستبوونى لافاوەوە لە شارى هەولێر تا ئێستا ١١ کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکى دیکەش برینداربوون و زیانى ماددیی زۆریش بەر سەدان ماڵ و بازاڕ و ئۆتۆمبێلى هاوڵاتییان کەوتووە.

بەهۆی لافاوەکەی هەولێرەوە بەشێک لە هاوڵاتیانی هەولێر زیانی زۆریان بەرکەوتووە و ئاماژە بەوە دەکەن، ماوەی ٣٠ ساڵە حکومەتی هەرێم نەیتوانیوە کێشەی ئاوەڕۆی هەولێر چارەسەر بکات.













گەلەری