ترەمپ رزگارکردنی فڕۆکەوانەکانی ئەمریکای لەناو خاکی ئێران راگەیاند و بارەگای خاتەمولئەنبیاش رایگەیاند، شکستیان هێناوە بە هەوڵی ئەمریکا بۆ ڕزگارکردنی فڕۆکەوانەکەو دوو هێلیکۆپتەر و فڕۆکەیەکی ئەمریکییان لە ئەسفەهان بە ئامانج گرتووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٤ـی نیسانی ٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وتی، ئەفسەرەکە لە ناوچە شاخاوییە سەختەکانی ئێران و لە پشت هێڵەکانی دوژمن بووە و لەلایەن ئێرانەوە راودەنرا، بەڵام لەژێر چاودێری ٢٤ کاتژمێریی فەرماندەیی گشتیی و بە بەشداریی دەیان فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتوو، توانراوە لە ئۆپراسیۆنێکی ورددا بگەڕێندرێتەوە، وتیشی، ئەفسەرەکە هەندێک برینداری هەیە، بەڵام باری تەندروستیی جێگیرە.
دەشڵێت، ئەمە
دووەم ئۆپەراسیۆنی سەرکەوتووە لە ماوەی دوو رۆژدا و دوێنێش فڕۆکەوانێکی دیکەی
ئەمریکی رزگار کراوە، بەڵام بەهۆی پاراستنی گیانی ئەفسەری دووەم و سەرکەوتنی
ئۆپراسیۆنەکە، هەواڵەکەیان بە نهێنی هێشتبووەوە.
ماڵپەڕی
ئەکسیۆسیش دەڵێت، ئەم ئۆپەراسیۆنە تایبەتە لەلایەن هێزی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی
ئەمریکاوە جێبەجێ کراوە و چەندین سەربازی ئەمریکی و فڕۆکەوان بەشداری
ئۆپەراسیۆنەکەیان کردووە و ئەفسەرەکە لە باشووری رۆژئاوای تاران رزگارکراوە.
بارەگای خاتەم
ئەنبیاش ئاماژەی بەوەکرد، هەوڵەکانی دوژمن بۆ رزگارکردنی فڕۆکەوانەکەی لە ئەنجامی
ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی سوپای پاسداران و سوپا و پۆلیسدا شکستی هێنا و دەشڵێت، لە
باشووری ئەسفەهان فڕۆکەکانی ئەمریکا کرانە ئامانج، کە دوو هێلیکۆپتەر و فڕۆکەیەکی
گواستنەوەی سەربازییان تێدا بوو.
ئاژانسی
تەسنیمیش لەو بارەیەوە باسی لەوەکرد، هێزە ئەمریکییەکان دوای بێئومێدبوونیان لە
رزگارکردنی فڕۆکەوانێکیان کە دوو رۆژ لەمەوبەر فڕۆکەکەی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی
ئێرانەوە خرابووە خوارەوە، ئێستا هەوڵ دەدەن لە رێگەی بۆردومانەوە ئەو فڕۆکەوانە
بکوژن.دەشڵێت،
ئێران جارێ هیچ هەواڵێک لەو بارەیەوە راناگەیەنن، بەڵام ئەمریکییەکان تەنانەت
سەبارەت بە فڕۆکەوانی یەکەمیش کە بانگەشەی رزگارکردنیان دەکرد، هەموو راستییەکان
ناڵێن.
میدیاکانی
ئەمریکاش لەزاری چەند چاوگێکەوە رایانگەیاند، دوو فڕۆکەی گواستنەوەی ئەمریکی لەناو
بنکەیەکی دوورەدەست لە ناو خاکی ئێراندا لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکی رزگارکردنەکەدا
پەکیان کەوتووە و هەندێکیش دەڵێن، کە گوایە لەلایەن ئەمریکا خۆیانەوە فڕۆکەکان
تەقێندراونەتەوە.