ئێران زنجیرەیەکی تری موشەکەکانی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و ئیسرائیلیش دوای دامەزراوە پیشەسازییەکان ئەمڕۆ دامەزراوەکانى پترۆکیمیایی لە ئێران کرانە ئامانج.
ئەمڕۆ شەممە ٤ـی نیسانی ٢٠٢٦، سوپای پاسداران رایگەیاند، زنجیرەی ٩٤ـی موشەکەکانیان ئاڕاستەی بنکە پیشەسازی و سەربازییەکانی ئیسرائیل کردووە و ناوچەکانی دیمۆنا و نەقەب و بیئر سەبع و جەندین ناوجەی تریشیان بە سەرکەوتوویی بۆردومانکرد و ئیسرائیل نەیتوانیوە بەرپەرچی موشەکەکانمان بداتەوە.
دوای بەئامانجگرتنی دامەزراوە پیشەسازی و
سەربازییەکانیش لە ماوەی رابردوودا، ئەمڕۆ ئیسرائیل و ئەمریکا دامەزراوەکانى
پترۆکیمیاییان لە ئێران کردووەتە ئامانج و پارێزگارى خوزستانیش وتی، دامەزراوەکان بەهۆى
هێرشى ئیسرائیل و ئەمریکاوە زیانیان پێگەیشتووە.
لەبارەی شەرەکەیشەوە هەریەک لە وەزیری
دەرەوەی ئێران و سەرۆکی پەرلەمانیش قسەیان کرد. عەباس عێراقچی وتی، دەیانەوێت بگەن
بە رێککەوتن لەبارەى مەرجەکان بۆ وەستانى هەمیشەیی شەڕ. محەمەد باقر قالیبافیش
وتی، ئێران سەلماندی کە دەتوانێت بەرگری لەخۆی بکات و بۆ بەرگریکردن لە بوونی خۆی
بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکاتە ئامانج، وتیشی، بەردەوامیی هێرشەکان بۆ سەر
ئێران کاردانەوەی توندی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە لێدەکەوێتەوە.
لەبارەی گەرووی هورمزیشەوە هێزی دەریایی
سوپای پاسداران رایگەیاند، بە درۆن کەشتییەکی سەر بە ئیسرائیلیان تێکشکاندووە کە
ویستوویەتی بە گەرووی هورمزدا تێبپەڕێت.