PM:02:49:04/04/2026
956 جار خوێندراوەتەوە
رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان رایگەیاند، دوو مانگ بەسەر داخستنی ئۆفیسی کەناڵی ئێن ئاڕ تی لەسنووری پارێزگایی هەولێرو دهۆک تێدەپەڕێت، بەبێ هیچ هەنگاوێکی روون و یاسایی بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە، ئەم دۆخە نیشانەیەکی ئاشکرا لە سنووردارکردنی ئازادی میدیا و بەرتەسک کردنەوەی کاری رۆژنامەوانی و ئەم بڕیارە زیاتر رەهەندی سیاسیی هەیە تا یاسایی.
ئەمڕۆ شەممە ٤ـی نیسانی ٢٠٢٦، رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان بڵاویکردەوە، "ئەم بڕیارە، لە کاتێکدا کە بنەمای یاسایی و شەفافی نییە، زیاتر رەهەندی سیاسیی هەیە تاوەکو یاسایی، و دەکرێت وەک هەوڵێک بۆ کۆنترۆڵکردنی دەنگ و راگەیاندنە سەربەخۆکان لێی تێبگەین هەروەها، لە ماوەی رابردوو، هەندێک دەزگای میدیایی تر هەڵسوکەوت و رووداوگەلێکی هاوشێوەیان هەبووە، بەڵام هیچ هەنگاوێکی یاساییی هاوشێوەیان بەرامبەر نەکراوە".
ئاماژەی بەوەکرد،
"ئەم جیاوازییە رەفتارییە، پرسیاری گەورە لەسەر هەڵبژاردەیی بەکارھێنانی یاسا
و نەبوونی دادپەروەری دروست دەکات، ئێمە لە رێکخراوی پەیامنێران ئاگاداری لاینە
پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە کە بەردەوامبوونی ئەم شێوازە لە
هەڵسوکەوت، دەتوانێت زیانێکی گەورە بە باوەڕی گشتی، بنەمای دیموکراسی و
ئازادییەکان بگەیەنێت".