دوو مانگ بەسەر داخستنی نوسینگەکانی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر و دهۆک تێدەپەڕێت و هێشتا حکومەتی ماوەبەسەرچوو ئامادە نییە رێگە بە کردنەوەیان بدات.
رۆژی ٤ـی شوباتی ئەمساڵ، حکومەتی ماوەبەسەرچوو بە هێزی ئەمنیەوە هەڵیکوتایە سەر نوسینگەکانی کەناڵی ئێن ئار تی لە هەولێر و دهۆک و قوفڵی لە دەرگاکانی دا و رێگەی نەدا چیتر کارمەندانی کەناڵەکە بگەڕێنەوە ناو نوسینگەکان و کاری رۆژنامەنوسی ئاسایی خۆیان بکەن.
بەرپرسانی حکومەتی ماوەبەسەرچوو ئەو کات باسیان لەوە کرد، هۆکاری داخستنی
ئۆفیسەکانی ئێن ئاڕ تی لەو دوو پارێزگایە بۆ تەڵخکردنی وێنەی کەسایەتیەکانی پارتی
بووە، بەڵام رێکخراوەکانی داکۆکار لە رۆژنامەنوسان و کەناڵەکانی میدیا باس لەوە
دەکەن، لە هیچ شوێنێکی یاسای رۆژنامەنووسیدا باس لەم جۆرە سزادانە نەکراوە، و ئەو
کاتیش بەرپرسانی ئێن ئاڕ تی وتیان داخستنی ئۆفیسەکانی بە سزای سیاسی دادەنێن.
ئێستا و دوای دوو مانگ هێشتا حکومەتی ماوەبەسەرچوو ئامادە نییە رێگە بە
کردنەوەی ئۆفیسەکانی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر و دهۆک و کارکردنی رۆژنامەنووسەکانی
بدات.
کەنالی ئێن ئاڕ تی لە ساڵی ٢٠١١ـەوە دەستبەکاربووە و لەو کاتەشەوە لەلایەن
دام و دەزگاکانی حکومەتەوە زۆرترین پێشێلکاریی بەرامبەر کراوە، هەر لە سوتان و
داخستنی نوسینگەکانی و شکاندن و دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلە رۆژنامەوانیەکانی.