سەردێڕ:

داهاتی ناوخۆ؛ گرێکوێرەی مووچەى فەرمانبەران

PM:01:06:02/04/2026

1164 جار خوێندراوەتەوە

مانگی چوار هات و مووچەخۆرانی هەرێم هێشتا لە چاوەڕوانی هاتنی مووچەی مانگی رابردوودان، حکومەتی ماوەبەسەرچووش تا ئێستا ١٢٠ ملیار دینارەکەی مانگی سێی رادەستی بەغدا نەکردووە، بە بیانووی ئەوەی داهاتی ناوخۆی هەرێم کەمی کردووە، بە پێی زانیارییەکانیش دەسەڵاتدارانی هەرێم داوایان لە بەغدا کردووە کەمتر لە ١٢٠ ملیار دینارەکە رادەستی بەغدا بکەن بە بێ ئەوەی وردەکاری بدەن کە بۆ چەندێک کەمبکرێتەوە.


جارێکی دیکە هاوشێوەی مانگەکانی رابردوو هەرێم کێشەی بۆ مووچەی مووچەخۆران دروستکردووە، بەوەی رادەستکردنی داهاتی ناوخۆ دوادەخات و بە گوێرەی زانیارییەکانى ئێن ئاڕ تى ئەمجارەش بە بیانووی کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆی هەرێم، ١٢٠ ملیار دینارەکەیان تا ئێستا رادەست نەکردووە و لە کاتێکدا داهاتی هەرێم لە چەندین سەرچاوەوە پارەی بۆ دەگەڕێتەوە.

بەپێی زانیارییەکانى ئێن ئارتى،هەرچەندە بەرپرسانی حکومەتی ماوەبەسەرچوو دەڵێن، بەغدا ئەم مانگە داوای ١٢٠ ملیارەکەی داهاتی ناوخۆی نەکردووە، بەلام چاوگێک لە دارایی عێراق بە ئێن ئاڕتی وت، حکومەتی ماوەبەسەرچوو بە بەغدای وتووە، داهاتی ناوخۆی هەرێم زۆر کەمبووەتەوە، لەبەرامبەردا تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بە شاندی هەرێمی وتوە، دەبێت بە راپۆرتی چاودێریی دارایی پاڵپشتی ئەم بانگەشەیە بکەن و پێی بڵێن داهاتی ناوخۆی هەرێم چەندە و چەند کەمیکردووە و ئەویش داواکاریی خەرجکردنی مووچەکە دەخاتە بەردەم سەرۆک وەزیران تا بڕیاری لێ بدات.

حکومەتی ماوەبەسەرچوو بە زیاتر لە ٤٠٠ رێگا پارەی باج و رسومات و کرێ و سزا وەردەگرێت کە بەشێک لە داهاتی باجەکانیش بە زۆرەملێ وەردەگیرێت،سەرباری ئەوەی بە وتەی حکومەتی ماوەبەسەرچووداهاتیناوخۆمانگانە زیاتر لە ٣٥٠ ملیار دینارە، ئەمە جگە لەوەیداهاتیمانگەکانی ١١ و ١٢ـی ساڵی رابردوو کە دەکاتە ٢٤٠ ملیار دینار ئەوەشیان رادەست نەکرد.

لە لایەکی دیکەشەوە بەپێی خەمڵاندنەکان تەنها پارەی کارەبا لە مانگی رابردوو زیاتر لە ١٥٠ ملیار دینار بووە بەڵام هێشتا حکومەتی ماوەبەسەرچوو داوای کەمکردنەوەی داهاتی ناوخۆ دەکات لە بەرامبەر ناردنی مووچەی مانگی سێی مووچەخۆراندا.

نادیارى چارەنووسى مووچەى موچەخۆرانى هەرێمى کوردستان لەکاتێکدایە، حکومەتى عێراق دەستیکردووە بە دابەشکردنى مووچەى مانگى چوارى خانەنشینان.

 













گەلەری