سەردێڕ:

شەوی بەرات لە چییەوە هاتووە؟

AM:08:29:02/02/2026

1028 جار خوێندراوەتەوە

ئەمشەو شەوی بەراتە و گرنگییەکی تایبەتی ھەیە لای موسڵمانان، بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان لە کوردستانیش ئەم یادە دەکرێتەوە بۆ ماوەی ٧٠٠ ساڵە دەکرێتەوە و منداڵان لەم شەوەدا دەگەڕێن بەناو ماڵەکاندا بۆ کۆکردنەوەی شیرینی و نوقڵ.


شەوی بەرات دەكەوێتە ١٥یەمین رۆژی مانگی شەعبانی ساڵنامەی كۆچی واتە ١٥ رۆژ پێش هاتنی مانگی رەمەزان، کە لە شەوی ١٤ی شەعبانەوە دەستپێدەکات بۆ بەرەبەیانی رۆژی ١٥ی شەعبان.

زۆرێک لە خەڵکی پرسیاری ئەوە دەکەن کە بۆچی شەوی نیوەی مانگی شەعبان بە "شەوی بێتاوانی یان لێبوردن" ناسراوە، لێرەدا چەند بۆچوونێکی جیاواز هەیە کە گرنگترینیان ئەمانەن:

- شەوی بەرات لە وشەی " البراءة" ی عەرەبییەوە سەرچاوەی گرتووە کە شەوێکە تیایدا چاکە و رزق و رۆزی تیایدا بەرقەرار دەبێت و خوای گەورە لە گوناهی بەندەکانی خۆش دەبێت ئەمەش مانایەکی دروستە بەپێی شەریعەتی ئیسلامی.

- زۆرێک لە بۆچوونەکان دەڵێن " خودای گەورە لە شەوی نیوەی شەعباندا سەیری بەندەکانی دەکات و لەو بەندانەی خۆش دەبێت کە داوای لێبوردن دەکەن".

- شەوی بەرات لای ١٢ ئیمامەکەی شیعە شەوێکی پیرۆزە، هۆکاری پیرۆزییەکەش بۆ لەدایکبوونی محەممەد مەهدی دەگێڕنەوە کەپێیان وایە لەم شەوەدا لەدایکبووە.

- زۆرێک باس لە حەدیسێكی پێغەمبەرمەی ئیسلام (د.خ) دەکەن دەربارەی شەوی بەرات كە دەفەرموێت ‌"لە شەوی ١٥ی شەعباندا خوای گەورە بە چاوی رەحمەت سەیری خەڵكی سەر زەوی دەكات و بەرەكەتی خۆی دەڕێژی بە سەر خەڵكی سەر زەویدا"
- بەشێکیش ئاماژە بەوە دەکەن کە شەوی بەرات وەک خۆی لە قورئاندا ناوی نەهاتووە و لە ئایەتی سێیەمی سورەتی "الدخان" دا خوای گەورە ئاماژە بە شەوێكی پیرۆز دەكات و دەفەرموێت (انا انزلناه فی لیلە مباركة انا كنا منذرین)، ئەم شەوە پیرۆزەش زۆرینەی مامۆستایانی ئاینی پێیان وایە كە مەبەست لێی شەوی قەدرە نەک شەوی بەرات، بەڵام ژمارەیەكی كەمیان پێیان وایە مەبەست لێی شەوی بەراتە، چونكە شەوی قەدر بە ئاشكرا لە قورئاندا ناوی هاتووە.

- هەندێکیش وا لێكیانداوەتەوە، كە وشەی بەرات لە (براءة)ی عەرەبییەوە هاتووە، كە مەبەست لێی بێتاوانبوونی حەزرەتی عائیشەیە، خێزانی پێغەمبەری ئیسلام محەمەد (د.خ) بووە لەو تۆمەتانەی درابوونە پاڵی.

- چەند بیروڕایەکیش هەن لەسەر ئەوەی شەوی بەرات ئامادەکارییەک وایە بۆ پێشوازیکردن لە مانگی رەمەزان.













گەلەری