PM:09:59:27/01/2026
1888 جار خوێندراوەتەوە
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێت، توانیویانە چەکدارێکی مەترسیدار لە شاری روومادی لە پارێزگای ئەنبار دەستگیر بکەن کە پشتێنەیەکی بۆمبڕێژکراوی بەستبوو و ئامادەکاریی بۆ ئەنجامدانی تاوانێکی تیرۆریستیی گەورە لە نزیک چێشتخانەیەکی کوردی دەکرد.
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٧ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٦، بەگوێرەی راگایەندراوی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق، مەفرەزەکانیان لە ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریی خێرا و ورددا، توانییان تیرۆریستێکی سەر بە داعش لە ناوچەی پێنج کیلۆ لە پارێزگای ئەنبار بە شێوەیەکی سەرکەوتوو دەستگیر بکەن.
هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە،
تیرۆریستەکە لە کاتی دەستگیرکردنیدا پشتێنەیەکی بۆمبڕێژکراوی بەستبوو و پلانی
هەبوو کردەوەیەکی خۆکوژی ئەنجام بدات، بەڵام پێش جێبەجێکردنی تاوانەکە لەلایەن
هێزەکانەوە گەمارۆ درا و دەستبەجێ دەستگیر کرا.
هاوکات دەزگای ئاسایشی نیشتمانی جەخت دەکاتەوە کە ئەم
سەرکەوتنە دوای چاودێرییەکی وردی جووڵەکانی ئەو تیرۆریستە هاتووە، کە ماوەیەک بوو
لەژێر چاودێریی چڕی تیمە تایبەتە هەواڵگرییەکاندا بووە.