سەردێڕ:

چەکدارەکانی عەرەبی سووریا ئاگربەستییان شکاند و هەسەدەش بانگەوازێکی راگەیاند

PM:05:52:21/01/2026

140 جار خوێندراوەتەوە

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند، سەرباری راگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ گروپەکانی سەر بە دیمەشق، بەڵام لەبەیانی ئەمڕۆوە ئەو چەکدارانە ئاگربەستیان پێشێلکردووە و شەش جار هێرشی جیاجیان کردووەتەسەریان، داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن فشار بخرێتە سەر دیمەشق و ئەو هێرشانە رابگیرێن.


ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٦، بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی هەسەدە، ئاگربەستەکە لە کاتژمێر هەشتی ئێوارەی دوێنێ سێشەممە دەستیپێکردووە، بەڵام ئەو گرووپانە سەرەڕای ئاگربەستەکە زنجیرەیەک هێرشیان ئەنجامداوە.

وردەکاری هێرشەکان بەم شێوەیەیە:

کاتژمێر ٨:١٠ـی ئێوارەی دوێنێ: سوپای عەرەبیی سووریا شارۆچکەی زرگانی باکووری حەسەکەیان بە تۆپی قورس تۆپباران کرد و تۆپبارانەکە بۆ زیاتر لە کاتژمێرێک بەردەوام بوو.

کاتژمێر ٨:٢٠ـی ئێوارە: سوپای عەرەبیی سووریا بە چەکی قورس هێرشیان کردە سەر گوندی تل بارود لەسەر رێگای (ئەبیەز - ئەبیەز) لە باشووری حەسەکە.

کاتژمێر ١١:٣٠ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە: سوپای عەرەبیی سووریا هێرشیان کردە سەر هێزەکانی هەسەدە لە دەوروبەری شارۆچکەی سرین، هێزەکانی هەسەدە بەرپەرچی هێرشەکەیان دایەوە و شکستیان پێ هێنا.

کاتژمێر ١١:٤٥ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ: رەتڵێکی سەر بە سوپای عەرەبیی سووریا لە گوندی باسل لەسەر رێگای (ئەبیەز - ئەبیەز) لە باشووری حەسەکە، هێرشیان کردە سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات.

کاتژمێر ٢:١٠ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ: سوپای عەرەبیی سووریا هێرشێکی دیکەیان کردەسەر هێزەکانی هەسەدە لە دەوروبەری سرین لە باشووری کۆبانێ، هێزەکانی هەسەدە توانییان بەرپەرچی هێرشەکە بدەنەوە.

کاتژمێر ٢:٤٥ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ: سوپای عەرەبیی سووریا بە چەکی قورس گوندی حەمدونی باشووری کۆبانێیان تۆپباران کرد، کە بەو هۆیەوە ژنێک شەهید بوو.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، هێزەکانی سووریای دیموکرات جەخت لە پابەندبوونی خۆیان بە رێککەوتنی ئاگربەست و دوورکەوتنەوە لە گرژییەکان دەکەنەوە و هەروەها داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵبگرن و بەدواداچوون بۆ ئەم پێشێلکارییانە بکەن بۆ پاراستنی مەدەنییەکان و سەقامگیری ناوچەکە.













گەلەری