سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، گفتوگۆیان لەبارەی مەترسییە ئەمنییەکانی سووریا کرد و سوودانی جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت ڕێگری لە هەڵاتنی تیرۆریستان لە زیندانەکان بکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٠ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، محەمەد شیاع سوودانی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئەنجام داوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە میانی پەیوەندییەکەدا تاوتوێی پەرەسەندنەکانی دۆخی سووریا کراوە لە ژێر ڕۆشنایی دوایین پێشهات و ڕووداوە ئەمنییەکان، هەروەها کاریگەرییەکانی ئەو دۆخە لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و عێراق خراوەتە بەر باس.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گفتوگۆکەدا جەختی لە پێویستیی چەسپاندنی "دیالۆگ و گفتوگۆ" کردووەتەوە لەم قۆناغە هەستیارەدا، بە شێوەیەک کە مافی سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا مسۆگەر بکات و یەکپارچەیی خاک و ئاسایشی ئەو وڵاتە بپارێزێت.
هەروەها سودانی ئاماژەی بە دۆسیەی زیندانییەکان کردووە و وتوویەتی، دەبێت کار بکرێت بۆ ڕێگریکردن لەوەی تیرۆریستان دەرفەت وەربگرن بۆ هەڵاتن لە زیندانەکان.