سەردێڕ:

وردەکاری رێککەوتنەکەی حکومەتی سوریا و هەسەدە

PM:06:43:18/01/2026

2392 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی سوریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) گەیشتنە رێککەوتنێکی گشتگیر کە نەخشەی سیاسی و سەربازیی رۆژهەڵاتی فورات دادەڕێژێتەوە رێککەوتنەکە خۆی لە ئاگربەستی دەستبەجێ، تێکەڵکردنەوەی هێزەکانی هەسەدە بە سوپای سوریا، رادەستکردنەوەی کێڵگە نەوتییەکان خۆی دەبینێتەوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە ١٨ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٦، تەلەفزیۆنی فەرمی سوریا رایگەیاند، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سوریا واژۆی لەسەر رێككەوتنی هەسەدە و تێكەڵكردنی بە دامەزراوەكانی دەوڵەت كرد.

 

خاڵە سەرەکییەکانی رێککەوتنەکە:

یەکەم: دۆسیەی سەربازی و ئەمنی

ئاگربەستی گشتگیر: راگەیاندنی ئاگربەستی دەستبەجێ و هەمەلایەنە لە سەرجەم بەرەکانی شەڕ و خاڵەکانی بەریەککەوتنی نێوان هێزەکانی سوپا و هەسەدە.

تێکەڵکردنی هێزەکان: گواستنەوەی سەرجەم هێزەکانی "هەسەدە" بۆ سەر پەیکەری وەزارەتی بەرگریی سووریا. پڕۆسەکە بە شێوەی "تاکەکەسی" و دوای ئەنجامدانی وردبینیی ئەمنی بۆ هەر چەکدارێک جێبەجێ دەکرێت، لەگەڵ گەرەنتیکردنی پاراستنی تایبەتمەندێتیی ناوچە کوردییەکان.

دۆسیەی کۆبانی: نەهێشتنی چەکی قورس لە شاری کۆبانی و پێکهێنانی هێزێکی ئەمنیی خۆجێیی بۆ شارەکە کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سوریا بێت.

دەرکردنی پەکەکە: 

هەسەدە پابەند دەبێت بە دەرکردنی هەمو سەرکردە و ئەندامە ناسوریاییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ دەرەوەی سنورەکانی کۆماری عەرەبیی سوریا بۆ دڵنیابونەوە لە سەروەری و سەقامگیریی ناوچەیی.


شەڕی داعش: دەوڵەتی سوریا پابەند دەبێت بە بەردەوامبوون لە ئەرکی بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش.

دووەم: دۆسیەی کارگێڕی و حوکمڕانی

رادەستکردنەوەی ناوچەکان: رادەستکردنەوەی تەواوەتیی هەردوو پارێزگای دێرەزوور و رەققە بە حکومەتی سوریا (چ لە رووی کارگێڕی و چ لە رووی سەربازییەوە) بە شێوەیەکی دەستبەجێ.

دامەزراوەکانی حەسەکە: تێکەڵکردنەوەی سەرجەم دامەزراوە مەدەنییەکانی پارێزگای حەسەکە لە چوارچێوەی دامودەزگاکانی دەوڵەتی سوریادا.

دانانی پارێزگار: دەرکردنی مەرسوومێکی سەرۆکایەتی بۆ دەستنیشانکردنی پارێزگارێکی نوێ بۆ پارێزگای حەسەکە.

دامەزراندن: پەسەندکردنی لیستێکی ناوی پاڵێوراوانی "هەسەدە" بۆ ئەوەی لە پۆست و پلە جیاوازەکانی دەوڵەتی سوریادا دامەزرێن.

سێیەم: دۆسیەی ئابووری و مرۆیی

سەرچاوەکانی وزە: رادەستکردنەوەی تەواوی کێڵگە نەوتییەکان بە حکومەتی سوریا.

زیندانیانی داعش: دۆسیەی بەڕێوەبردنی زیندانەکان و کەمپی خێزانەکانی داعش دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریاوە.


 













گەلەری

‌بەپەلە