سەردێڕ:

مەزڵوم عەبدی کێ ئەو هەموو دەسەڵاتەی
پێداوە؟

PM:10:17:17/01/2026
776 جار خوێندراوەتەوە
بەهرۆز رەئوف
+ -

ئەنجومەنی سوریای دیموکرات(مەسەدە)،لە چوارچێوەی دامەزراوەکانی ئیدارەی بەڕێوەبەرێتی خۆسەری لەڕۆژهەڵات و باکوری سوریا،چەترە سیاسییەکەیەو ڕۆڵی وەزارەتی دەرەوە و نوێنەرایەتیی سیاسی دەگێڕێت. لەولاشەوە فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیش (هەسەدە) کە​ ئەمەیان باڵاترین دەسەڵاتی سەربازییە (بە سەرۆکایەتی مەزڵوم عەبدی) بۆیە دەکرێت بڵێین و بپرسین ئایە ڕۆڵی ئەم دامەزراوەیە (مەسەدە) بۆچی ونە و نابینرێت لەو ڕووداو پێشهاتانەی کەلەسوریا ڕوودەدەن پەیوەیست بەکورد و ئەو ناوچانەی شەڕ و ئاشتی تێدا دێتە ئاراوە و ئەوەی دەبینرێت ،هیچ ڕۆڵێک بە مەسەدە نەدراوە بەو پێشهاتانەی هاتونەتەپێش !.

دەپرسین بۆچی هەموو ڕۆڵەکان تەنها لە مەزڵوم عبدی دەبینرێت؟ ئێمە دەزانیین،بڕیارە ستراتیژییە سەربازییەکان لەدەسەڵاتی فەرماندەیی هێزەکانی (هەسەدە)دایە بەڵام خۆ هەموو بڕیارێکی سیاسی تری وەک دانوستان،بۆ ڕێککەوتن و ئاشتی و لێکتێگەیشتن یان هەر بڕیارێکی تری چارەنوسساز پەیوەست بە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆ بەڕێوەبەری بڕیار نیە،تەنها لەدەستی یەک کەسی سەربازیدا بێت؟!

ئەی ڕۆڵی ئەو دامەزراوانەی تر چییە کە دایانمەزراندوون لە چوارچێوەی هەرێمێکی لامەرکەزی و خۆ بەڕێوەبەری، بۆیە پێکهاتەی خۆبەڕێوەبەری کە لەسەر بنەمای(پەیمانی کۆمەڵایەتیی) دامەزراوە و ڕۆڵی دەستور دەبینێ و دایکی یاساکانەو پێکهاتەکەی بۆ ژیانی سیاسی و مەدەنی و سەربازی و دادوەری، ڕۆڵ دەبینێت، ئەی کوا ڕۆڵیان و جگە لە فەرماندەی هەسەدە کێ ڕۆڵی ئەمانە دەزانێت لەم ساتە گرنگەدا چیە؟!

ئەو دانیشتنەی کە لەنێوان مەسعود بارزانی و تۆم باراک و مزڵوم عەبدی کرا لەهەولێر سەبارەت بەدۆخی ناوچەکە لەئێستادا حەق بوو ڕۆڵی سەرەکی بدرێت بە کارەکتەری تری دامەزراوەی تری پەیوەندار بە ئیدارەی خۆسەری و پەیوەندار بەخۆسەرییەکە ،یان بەلایەنی کەمەوە هەردامەزراوە و ڕۆڵی خۆی ببینیایە بەپێی ئەو پەیمانی کۆمەڵایەتییەی کە وەک دەستور بۆ خۆ بەڕێوەبەرییەکە نوسراوەتەوە.

ئەوەی ڕۆڵی سەرەکی لەیەکلایی کردنەوەی شەڕو ئاشتی،پەیوەندییە ستراتیژییەکان ، هەر بەستراوەتەوە بەکەسایەتیەکی سەربازی وەک بەڕێز مەزڵوم عەبدی،لەکاتێکدا ئێمە ئەزموونێکی تاڵامان لە کوردستانی عێراقدا هەیە کە هیچ ڕێزێک بۆ دامەزراوەکانی دەوڵەتی و ئیدارە نەهێڵراوەتەوە و ئەوەی بڕیار لەسەر هەموو شتێک دەدات، کەسایەتییە حیزیی و بنەماڵەییەکانن، بۆیە دووبارەکردنەوەی ئەم مۆدیلە ،جارەنوسێکی باشی نابێت و پێویستە برادەرانی ڕۆژهەڵات و باکوری سوریا لە ئیدارەی خۆسەر درک بەو ڕستییە بکەن و جورئەت بکەن،هەر دامەزراوەیەک ڕۆڵی خۆی بەپێی ئەو پەیمانی کۆمەڵایەتییە ببینێت،کە ڕۆڵی دەستور دەبنێت.

گەلەری