سەردێڕ:

وادەی تۆمارکردنی منداڵی تازەلەدایکبوو لە فۆرمی خۆراک ئاشکرا کرا

PM:02:59:13/01/2026

740 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لەوەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم دەڵێت، تا ئێستا ٪٩٣ـی هاوڵاتیان ناویان لە فۆڕمی ئەلیكترۆنی خۆراك تۆماركردووە، هەروەها لە سەرەتای مانگی داهاتووشەوە دەستدەكرێت بە تۆماركردنی منداڵی تازە لەدایك بوو لە فۆڕمی نوێی ئەلیكترۆنی كە بەرامبەر بڕێك پارە ئەو كارە ئەنجام دەدرێت.


ئەمڕۆ سێشەممە ١٣ـی کانونی دووەمی ٢٠٢٦، نەوزاد شێخ كامیل، بەرێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم وتی، قۆناغی یەكەمی پڕكردنەوەی فۆڕمی ئەلیكترۆنی خۆراك كۆتایی هاتووە و ٪٩٣ـی هاولاتیان خۆیان لە قۆناغی یەكەم تۆماركردووە، هاوكات قۆناغی دووەمی پڕكردنەوەی فۆڕمی خۆراك ئامادەكراوە كە پێکهاتووە لە، تۆماركردنی منداڵی تازە لەدایك بوو هاوسەرگیری و هەروەها گواستنەوەی فۆڕمی خۆراك لە شارێكەوە بۆ شارێكی دیكە.

ئاماژەی بەوەشكرد،چەند رۆژێكە سیستمەكە كاراكراوەتەوە و بلۆكی ئەو كەسانە لابراوە كە ئەندامی خێزانێكن و لە قۆناغی یەكەم تۆمارنەكراوە، هاوكات ئەو تیمەی سەرپەرشتی پرۆسەی بە دیجیتاڵیكردنی پسوولەی ئەلیكترۆنی خۆراك دەكات، دەبێت لە سەرجەم پارێزگاكان كۆمپیوتەرەكان فۆڕمات بكاتەوە، لە هەموو عێراق خزتمەگوزارییە نوێیەكان كارا دەبن.

باسی لەوەشکرد، لەسەرەتای مانگی داهاتوو قۆناغی دووەمی پرۆسەی تۆماركردنی منداڵی نوێی و هاوسەرگیری و گواستنەوەی فۆڕم بە شێوەی ئەلكیترۆنی كارا دەبێت، ئەو كارانەش بە وەرگرتنی بڕە پارەیەك دەبێت كە ئەویش هەر بە شێوەی ئەلكترۆنی پارەكان لەڕێگای ڤیزا كارتەوە وەردەگیرێن و داهاتەكەش بۆ حكومەتی ناوەند دەگەڕێتەوە.

 













گەلەری