لەگەڵ کۆتایی هاتنی پشووی سەری ساڵ و گەڕانەوە رۆتینەکانی رۆژانە، زۆر کەس تووشی گۆڕانی لەناکاوی باری دەروونی دەبێت ئەمەش حاڵەتێکە کە بە خەمۆکی مانگی یەک ناسراوە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی "دەیلی مەیل"ی بەریتانی، جۆلانتا بێرک زانای دەروونناسی پۆڵەندی روونی دەکاتەوە کە ئەم حاڵەتە راستەوخۆ پەیوەستە بە مێشکەوە بەتایبەتی گواستنەوەی دەماری دۆپامین، کە رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە هەستکردن بە چێژ و پاڵنەر و پێشبینی ئەرێنیی.
بێرک دەڵێت،
ئاستی دۆپامین لە کاتی پشووەکاندا بەهۆی کۆبوونەوەی خێزانی و چالاکییە
کۆمەڵایەتییەکان زیاد دەکات بەڵام لەگەڵ کۆتایی هاتنی ئەم ماوەیەدا، ئەم هاندەرانە
لەناکاو کەم دەبنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی دۆپامین، کە کەسەکە هەست
بە بێهێزی، لەدەستدانی پاڵنەر یان سەختی چێژوەرگرتن لە چالاکییە ئاساییەکان.
شارەزایان جەخت
لەوە دەکەنەوە کە ئەم گۆڕانە لە باری دەروونیدا زۆرجار کاتییە و دوای ماوەیەک
کەسەکە چاکدەبێتەوە.
هەروەها
هۆکارەکانی دیکەش هەن وەک کورتبوونەوەی رۆژ و کەمبوونەوەی بەرکەوتن بە رووناکی
سروشتی و گەڕانەوەی خێرا بۆ فشارەکانی کارکردن دوای پشوویەکی کورت.
جگە لە
دۆپامین، ئۆکسیتۆسین کە بە هۆرمۆنی "خۆشەویستی و پەیوەندی" ناسراوە،
کاریگەری لەسەر دەبێت، ئاستی ئۆکسیتۆسین لە ماوەی کاتی نزیک لە خێزان و کارلێکی
جەستەیی و کۆمەڵایەتیدا بەرز دەبێتەوە، لەگەڵ کۆتایی هاتنی جەژن و کەمبوونەوەی
کۆبوونەوە کۆمەڵایەتییەکان، رەنگە هەندێک هەست بە بەتاڵی سۆزداری یان گۆشەگیری
بکەن.
شارەزایان جەخت
لەوە دەکەنەوە کە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم حاڵەتەدا پێویستی بە چارەسەری ئاڵۆز نییە،
بەڵکو پێویستی بە هەنگاوی سادە هەیە، دیارترینیان:
١.بەرکەوتن
بە رووناکی سروشتی لە بەیانیاندا، تەنانەت ئەگەر لە رێگەی پیاسەیەکی کورتیشەوە
بێت.
٢. پاراستنی
خشتەی خەوتنێکی رێکوپێک.
٣. بەشداریکردن
لە چالاکییە جەستەییەکان.
٤. دانانی
ئامانجێکی دیاریکراو.