سەردێڕ:

راوێژکارێکی سودانی لەبارەی مووچەوە دڵنیای دەداتە مووچەخۆران

PM:05:41:07/01/2026

1448 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، دڵنیایی دایە هاوڵاتیان، کە مووچەی مووچەخۆران و خانەنشینان هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە. دەشڵێت، حکومەت هەنگاو دەنێت بەرەو قۆناغێکی نوێ لە بەڕێوەبردنی سیاسەتی دارایی و کەمکردنەوەی کورتهێنان.


ئەمڕۆ چوارشەممە ٧ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٦، مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆکوەزیران لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی وتی، "هیچ مەترسییەک بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و دەستەی چاودێری کۆمەڵایەتی نییە، تا ئەو کاتەی لێشاوی نەختینەیی بە دراوی بیانی بەردەوام بێت".

باسی لەوەشکرد، بازاڕی وزەی جیهانی تووشی داڕمانی گشتی نابێت، ئەمەش کەمترین داهاتی نەوتی بۆ عێراق مسۆگەر دەکات تاوەکو پابەندییە داراییەکانی جێبەجێ بکات.

مەزهەر محەمەد ساڵح ئاماژەی بە بڕیارێکی نوێی ئەنجومەنی وەزیران کرد کە دەبێتە بنەما بۆ قۆناغێکی نوێ لە بەڕێوەبردنی دارایی و وتی، کار دەکرێت بۆ کەمکردنەوەی کورتهێنانی دارایی لە کورتخایەندا و بودجەی ساڵی ٢٠٢٦ لەسەر بنەمای رێکخستنی دارایی دەبێت، کە تێیدا پێداچوونەوە بە خەرجییە گشتییەکاندا دەکرێت و لە ئەولەویەتەکاندا ریزبەند دەکرێنەوە.

راوێژکارەکەی سودانی جەختی کردەوە کە رێکارە داراییەکانی ئەم دواییە ئامانجیان بەهێزکردنی داهاتی دەوڵەتە لە رێگەی کاراکردنی ئەو سەرچاوە داراییانەی پێشتر فەرامۆش کرابوون.

وتیشی، "ئەم چاکسازییانە دژی بژێوی هاوڵاتیان نین، بەڵکو ئامانجیان دروستکردنی سەقامگیرییەکی داراییە کە دوور بێت لە هەڵبەز و دابەزی نرخی نەوت، تاوەکو دەوڵەت بتوانێت بەردەوام بێت لە پێدانی مووچە و خزمەتگوزارییەکان".













گەلەری