PM:04:39:07/01/2026
1000 جار خوێندراوەتەوە
نوێنەری تایبەتی بەریتانیا لە سوریا، نیگەرانیی قووڵی وڵاتەکەی لە توندبوونی پێکدادانە چەکدارییەکانی باکووری شاری حەلەب دەربڕی و داوای کرد دەستبەجێ دۆخەکە هێور بکرێتەوە. دەشڵێت، لە نزیکەوە بەردەوامین لە چاودێریکردنی بارودۆخەکە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٧ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٦، ئان سنۆ، نوێنەری تایبەتی بەریتانیا لە سوریا رایگەیاند، پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی لەو گەڕەکانەی رووبەڕووی بۆردوومان و هێرش بوونەتەوە، پێویستە کاری لەپێشینەی هەمووان بێت و رێگری لە پەرەسەندنی زیاتری تووندوتیژییەکان بگیرێت کە مەترسیی گەورە لەسەر ناوچەکە دروست دەکەن.
هۆشداریش
دەدات، پەرەسەندنی سەربازی لە ناوچە پڕ دانیشتووانەکاندا مەترسیی کارەساتی مرۆیی
لێدەکەوێتەوە، بەتایبەتی کە ئاسایشی حەلەب رایگەیاندووە بەرپەرچی پێشڕەویی
تانکەکانی سوپایان لە تەپۆڵکەی کاستیلۆ داوەتەوە و هێرشبەرەکانیان ناچار بە
پاشەکشە کردووە.
هەروەها وەزارەتی
دەرەوەی بەریتانیا لە بڵاوکراوەیەکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند،زۆر
نیگەرانین لەو پێکدادانانەی لە باکووری حەلەب روودەدەن و ئەو زیانە گیانییانەی بەر
هاوڵاتیانی مەدەنی کەوتوون و بوونەتە هۆی ئاوارەبوونی خەڵک.
بەریتانیا
داوای هێورکردنەوەی دەستبەجێ، ئەنجامدانی گفتوگۆ و پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی
دەکات؛ لە نزیکەوە بەردەوامین لە چاودێریکردنی بارودۆخەکە.
ئەم هەڵوێستە
نێودەوڵەتییە لە کاتێکدایە کە سوپای سوریا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی دژی گەڕەکەکانی
شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە دەستپێکردووە.