سەردێڕ:

بەردەرەش؛ مانگی رابردوو ٩٠ حاڵەتی پێوەدانی دووپشک و گەستنی سەگ هەبووە

PM:11:42:05/01/2026

988 جار خوێندراوەتەوە

تەندروستی بەردەڕەش ئاماری مانگی رابردووی بڵاوکردووەتەوە و بەپێی ئامارەکان مانگی رابردوو ٥٩ حاڵەتی پێوەدانی دووپشک و ٣١ حاڵەتی گەستنی سەگ تۆمارکراوە.


ئەمڕۆ دووشەممە ٥ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٦، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی بەردەڕەش ئاماری مانگی رابردووی بڵاوکردەوە و تیایدا لەهەردوو حاڵەتەکانی پێوەدانی دووپشک و گەستنی سەگ ٩٠ حاڵەت تۆمارکراون.

بەپێی ئامارەکە پێوەدانی دووپیشک ٥٩ حاڵەت و گەستنی سەگ ٣١ حاڵەت و پێدانی ڤاکسینیش بەهۆی گەستنی سەگەوە ٣١ حاڵەت هەبووە.

ئامارەکە لە ١٥ بنکەی تەندروستی و نەخۆشخانەی فریاکەوتن و بەشەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی بەردەڕەش تۆمارکراون، کە لەم مانگەدا ژمارەی ئەو نەخۆشانەی سەردانی ناوەندە تەندروستییەکانیان کردووە بریتی بووە لە ١٤ هەزار و ٨٧٢ کەس و هەر لەم مانگەشدا ١٠ هەزار و ٣٧٩ نەخۆش پشکنینی تاقیگەییان بۆ ئەنجامدراوە.

لە بەشی فریاکەوتینیش دوو هەزار و ٦٥ حاڵەت رووی تێکردووەک لەوانەش رووداوەکانی لێدانی دەرەکی ٩٨ حاڵەت، کەوتنیش ٣٨ حاڵەت، شکان ١١٦ حاڵەت، رووداوەکانی هاتووچۆ و ماتۆر ١٥ حاڵەت، یەک حاڵەتی کارەباگرتن و شه‌ڕكردنیش ١٨ حاڵەت تۆمار کراون.













گەلەری