سەردێڕ:

یۆنامی: له‌ پشتیوانیكردنی حكومه‌تی عێراق به‌رده‌وام ده‌بین

PM:09:04:01/01/2026

676 جار خوێندراوەتەوە

سەرەڕای کۆتاییهاتنی ئەرکەکانیان لە عێراق، تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت لە بەردەوامی و بەهێزیی هاوبەشییەکانیان لەگەڵ عێراق دەکاتەوە و دەڵێت" لە چەند بوارێکی گرنگدا لە پاڵپشتیکردنی عێراق بەردەوام دەبن".


ئەمڕۆ پێنجشەممە ١ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٥، نوێنه‌رایه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەرکی نێردەی (یۆنامی)، تیمی رێکخراوەکە لەژێر سەرپەرشتی رێکخەری نیشتەجێی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کارەکانی بەردەوام دەبێت.

بەگوێرەی بەیاننامەکە، نەتەوە یەکگرتووەکان لە چەند بوارێکی گرنگدا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی عێراق، لەوانە، هەمەجۆرکردنی ئابووری، رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان، بەهێزکردنی پاراستنی کۆمەڵایەتی، حوکمڕانی و دۆزینەوەی چارەسەری بەردەوام بۆ کێشەکان.

ئەم هاوکارییانە لە چوارچێوەی رێککەوتنی هاوکاری گەشەپێدانی بەردەوام (٢٠٢٥-٢٠٢٩) دا رێکخراون، کە لە ٢٥ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، لە نێوان عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکاندا واژۆ کراوە، ئامانجی رێککەوتنەکەش هەماهەنگییەکی نزیکە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی گەشەپێدان لە بوارە جیاوازەکاندا.

نێردەی (یۆنامی) کە لە ساڵی ٢٠٠٣ـەوە لە عێراق کاردەکات، لەسەر داوای حکومەتی عێراق و بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش، لە ٣١ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، بە فەرمی کۆتایی بە ئەرکەکانی لە عێراق هێنا، ئەم هەنگاوەش وەک دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان هەژمار دەکرێت.













گەلەری