سەردێڕ:

حەماس بە فەرمی کوژرانی وتەبێژی باڵە سەربازییەکەی راگەیاند

PM:05:49:29/12/2025

1384 جار خوێندراوەتەوە

بزوتنەوەی حەماس بە فەرمی کوژرانی ئەبو عوبەیدەی، وتەبێژی باڵە سەربازییەكەی راگەیاند و جێگرەوەکەی لە ڤیدیۆیەکی نوێدا دەرکەوت هەروەها کوژرانی محەمەد سینوار، محەمەد شەبانە، رائید سەعد و ئەبو عومەر ئەلسوری سەركردەكانی بزوتنەوەكەشی راگەیاند.


ئەمڕۆ دووشەممە ٢٩ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥، کەتیبەکانی قەسام، باڵی سەربازیی بزوتنەوەی حەماس، بە فەرمی کوژرانی وتەبێژەکەی، حوزەیفە کەحلوت ناسراو بە "ئەبو عوبەیدە" و محەمەد سینوار، بەرپرسی قەسام و محەمەد شەبانە، رائید سەعد و ئەبو عومەر سووری راگەیاند.

لە ڤیدیۆیەکدا کە لە "تێلیگرام" بڵاوکراوەتەوە، جێگرەوەی ئەبو عوبەیدە لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا دەرکەوت کە ماوەکەی لە ٢١ خولەک زیاتر بوو، وتەبێژە نوێیەکەی کەتیبەکانی قەسام وتی، "محەمەد سینوار لەگەڵ محەمەد شەبانە پێکەوە کوژراون" و محەمەد سینوار لە قۆناغێکی یەکجار سەختدا سەرکردایەتی قەسامی کردووە وەک جێگرەوەی محەمەد زەیف.

ئەم راگەیەندراوە دوای ماوەیەک لە بێدەنگی و بڵاوبوونەوەی دەنگۆی جیاواز دێت لەسەر چارەنووسی ئەبو عوبەیدا، کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بە ئامانج گیرابوو.

رۆژی ٣١ـی ئابی ئەم ساڵ، ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، "ئەبو عوبەیدە، وتەبێژی حەماس لە غەززە کوژرا، ئەمڕۆش، حەماس هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە.













گەلەری