لە هەفتەی رابردووەوە تەوژمێکی بارانبارینی بەخوڕ و هەستانی لافاو و گەردەلول بەلجیکا و ئەڵمانیا و چەند وڵاتێکی دیکەی یەکێتی ئەوروپای گرتووەتەوە و بەم دواییەش لە هەریەک لە سعودییە و یەمەن و ئێران و چین لە ئاسیا هەمان رووداو دووبارەبوونەتەوە کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی چەندین هاوڵاتی و زیانگەیاندن بە ژێرخانی ئابوری و رێگەوبان و زەوی و زاری کشتوکاڵی و بەروو بوومی جوتیاران.
ئەمڕۆ یەکەشەمم،
بۆجاری دووەم لەماوەی یەک هەفتەدا بارانبارینی بەخوڕ و زریان و لافاو روویان لە وڵاتی
بەلجیکا لە یەکێتی ئەوروپا کردەوە و بەهۆیەوە هەردوو ناوچەی ناومر وبرابانت و
والون لە باشوری برۆکسلی پایتەخت زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.
بەهۆی بارانبارین
بەخوڕ و هەستانی لافاوەوە زیانێکی زۆر بەو ناوچانە گەیشتووە و چەندین ئۆتۆمبێلی لەگەڵ
خۆی ڕاماڵییەوە.
رۆبۆرت کلۆسیت جێگری
سەرۆکی شارەوانی ناوچەی برابانت والون رایگەیاند، ئەگەرچی تا ئێستا هیچ زانیاری و
وردەکارییەکیان لەبارەی گیانلەدەستدانی هیچ کەسێکەوە بەهۆی لافاوەکەوە پێ نەگەیشتووە،
بەڵام لافاوی ئەمجارە لە لافاوی جاری یەکەم زۆرتر و خراپتر بووە.
دەشڵێت، "لێرە
ژیاوم و گەورەبووم، بەتەمەنم شتی وام نەبینیوە".
هەر ئەمڕۆ، رۆژنامەی
ئەلیتکرۆنی سەبەقی سعودی گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە تیایدا دەردەکەوێت لە ناوچەی
جازان بارانێکی بەخوڕ باریوە و لافاو و هەستاوە و زیانی بە رێگەو بانی ناوچەکە گەیاندووە
و چەند ئۆتۆمبێلێک ژێر ئاوکەوتوون.
لە چەند رۆژی
رابردوودا، ناوچەی جازان بارانبارینێکی بەخور گرتوویەتییەوە و زیانێکی زۆری بەناوچەکە
گەیاندووە.
ئاژانسی هەواڵی
فرانس پرێس بڵاویکردەوە، لە خۆرهەڵاتی چین گەردەلولی ئین-فا هەڵیکردووە و بەهۆیەوە
گەشتە ئاسمانییەکان و هاتووچۆی شەمەندەفەر و گەشتە دەریاییەکانی پەکخستووە.
پێشبیدەکرێت، گەردەلولی
کەمەرەیی لە هەریەک لە شارەکانی نینگبۆ و شەنگەهای بدات کە دوو گەورەترین شاری جیهانین
لەسەر کەانری دەریان.
لەشەنگەهای بەهۆی
ئەو زریان و گەردەلولە بەهێزەی هەڵیانکردووە سەرجەم گەشتە ئاسمانیەکانی لە هەر دوو
فڕۆکەخانە نێودەڵەتییەکەی شارەکە و هاتوچۆی شەمەندەفەر و جوڵەی کەشتییەکانی لە بەندرەکانی
شارەکە بەتەواوەتی پەکخستووە.
ئەمە لەکاتێکدایە،
لە هەفتەی رابردوو بەهۆی لافاوەوە ٢١٠ لە یەکێتی ئەروپا کە زۆرینەیان لە ئەڵمانیا
و بەلجیکابوون گیانیانلەدەستدا. هاوکات، لەچینیش ٥٨ کەس لە ناوچەی هانان بەهۆی
لافاوەوە گیانیانلەدەستدا و زیتر لە ٤٩٥ هەزارکەسیش ناچار بە چۆڵکردنی ماڵ و حاڵیان
کران.
لە هیندستانیش بەهۆی
بارینی بارانی زۆر و هەستانی لافاوەوە ١٢٥ کەس گیانیانلەدەستدا، لەکاتێکدا لە سعودییە
سێ ئەندامی یەک خێزان و لە یەمەنیش حەوت کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیانلەدەستدا.
کەشناسی عێراقیش رایگەیاندبوو، کە بەهۆی
شەپۆلی گەرماوە لە ناوچەکە ئەو بارانبارین و زریانە ناگاتە عێراق.
زانیان و پسپۆرانی
بواری کەشناسی و گۆڕانی کەش و هەوا سەرجەم رووداو و کەرەساتەکانی ئەم دواییە دەگەڕێننەوە
بۆ ئەو گۆڕانکارییە بەرچاوەی لە کەش و هەوا و پلەکانی گەرمادا روویناداوە و هۆشدارییانداوە
لە دووبارەبوونەوەی رووداوەکان و ئەمەش وڵاتان ناچاردەکات خۆیان لەگەڵ دۆخە نوێیەکەدا
بگونجێنن.