سەردێڕ:

ئەمڕۆ جەژنی رۆژووی ئێزیدییەکانە

PM:02:41:19/12/2025

1236 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ کوردانی ئێزیدی لە کوردستان و سەرانسەری جیهان جەژنی رۆژووی ئێزیدیی دەگێڕن کە یەکێکە لە پیرۆزترین بۆنە ئایینییەکانی ئێزدییەکان.


ئەمڕۆ هەینی ١٩ـی کاونی یەکەمی ٢٠٢٥، جەژنی رۆژووی ئێزیدییەکانە و پاش سێ رۆژ لە بەڕۆژووبوونی چڕ دێت، وەک هێمایەک بۆ سوپاسگوزاری بەرامبەر خودا و پیرۆزکردنی کورتترین رۆژەکانی ساڵ لە رووی کاتەوە سەیردەکرێت.

ئەم جەژنە دەکەوێتە هەفتەی دووەمی مانگی کانوونی یەکەم، کە تێیدا بڕوادارانی ئێزدی لە رۆژانی سێشەممە، چوارشەممە و پێنجشەممەدا بەڕۆژوو دەبن و خۆیان دەپارێزن لە خواردن و خواردنەوە، و خۆیان لە خوێنڕشتن و شەڕ و قسەی خراپیش دەپارێزن.

لە ئەمڕۆژەدا تەنیا کات بۆ نزا و پاڕانەوە لە سوڵتان ئێزی تەرخان دەکرێت، کە بەپێی ئایینەکە وەک نوێنەری خودا لەسەر زەوی و پارێزەری گەردوون سەیردەکرێت و هەموو جۆرە کارێکی رۆژانە رادەگیرێت .

لەگەڵ هاتنی جەژنەکە رێوڕەسمەکان بە سەردانی مەزارگە پیرۆزەکان و گۆڕستانەکان لە بەیانییەکی زوودا دەستپێدەکەن و ئێزیدییەکان ئەم رۆژە تەنها بۆ خۆشی نابینن و بەڵکو وەک دەرفەتێک دەیبینن بۆ ئاشتکردنەوەی ئەو کەسانەی لەیەک زوویرن و بەپێی نەریتە ئاینییەکانیان هیچ جەژنێک بەبێ ئاشتبوونەوە و لێبوردنیان لە یەکتری تەواو نابێت.













گەلەری