وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کەمێک پێش ئێستا تەرمی ژنێک دۆزراوەتەوە لە سنووری مێرگەسۆر و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان گومان دەکەن تەرمی ئاڤێستا یوسف بێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٤ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥، رەوەند هاودیانی، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران، بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تەرمێک لە نزیک زێی گەورە دۆزراوەتەوە و گوماندەکرێت مامۆستا ئاڤێستا بێت.
وتیشی، "چەند
نیشانەیەک لەسەر تەرمەکە هەن کە گوماندەکرێت مامۆستا ئاڤێستا بێت، بەڵام بۆ
سەلماندنی ئەوە پێویستمان بە بەڵگەی زانستی و پشکنینی DNA هەیە".
ئاماژەی
بەوەشکرد، تەرمەکە لەلێواری ئاوی یەکێک لە گوندەکانی سەر زێی گەورە بینراوە و
لەلایەن هاوڵاتییانەوە پەیوەندی بە تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە کراوە.
باسی لەوەشکرد،
"تیمەکانمان لە شوێنی رووداوەکەن و سەرقاڵی گواستنەوەی تەرمەکەن بۆ پزیشکی
دادی هەولێر".
مامۆستا
ئاڤێستای تەمەن ٢٧ ساڵ، رۆژی ٥ـی مانگی نیسانی ئەمساڵ بۆ گەشت و سەیران، لەگەڵ خێزانەکەی
لە هەولێرەوە چوونە دەڤەری باڵەکایەتی و لە سەر رووباری تەنگاتور، براکەی کەوتە
ناو رووبار و مامۆستا ئاڤێستا بۆ دەرهێنانەوەی، خۆی خستەناو ئاوەکە، هەرچەندە
براکەی رزگاری بوو بەڵام، مامۆستا ئاڤێستا ئاو بردی و تا ئێستا بێ سەروشوێنە
و دوای ماوەیەكی زۆریش لە گەڕان و سۆراغ، هێشتا باوك و كەسوكارەكەی چاویان لە
گەڕانەوەیەتی.
کەریم کەیفی - سۆران