PM:02:31:13/12/2025
1300 جار خوێندراوەتەوە
دوای دوو كۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێوەبەری قوتابخانەكان، بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ دەڵێت، بەهۆی دۆخی شارەكەوە ناتوانن دەوامی قوتابخانەكان ئاسایی بكەنەوە و تا ٤ـی کانونی دووەمی ٢٠٢٦، پشوو درێژ دەكرێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە ١٣ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥، عەبدوڵڵا حەمەكاكەڕەش، بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ بەمیدیاكانی وت، "لەگەڵ بەڕێوەبەرانی قوتابخانەكان كۆبووینەوە و هەمووان كۆكبوون لەسەر ئەوەی دۆخی سنوورەكە هی ئەوە نییە قوتابیان بگەڕێنەوە قوتابخانەكان".
ئاماژەی
بەوەشکردووە، بەشێكی خێزانەكان لە ماڵانی دیكەدا دەژین، قوتابخانە، جانتا، دەفتەر
و كتێب و پێداویستی بەشێكی قوتابیان لەناوچوون، زیان بەر بەشێكی قوتابخانەكان كەوتووە،
بۆیە هەنگاو بەهەنگاو كار بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخەكە دەكرێت.
لە دوای
لافاوەکەی چەمچەماڵەوە کە زیانی زۆری بە بەشێکی قوتابخانەکان، شەقام و ماڵانی
سنووری ناوچەکە و ناحیەکانی دەوروبەری گەیاند، دەوام لە قوتابخانەکانی ئەو ناوچەیە
راگیراوە، دوایین جاریش راگەیەندرا کە تاوەکو ئەمڕۆ شەممە دەوام ناکرێت.