سەردێڕ:

عێراق یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی نێودەوڵەتی بۆ خێراکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکان واژۆکرد

PM:11:31:16/10/2025

524 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ (IOM) واژۆکرد، بە ئامانجی خێراکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان و دڵنیابوون لە تێکەڵکردنەوەیان بە کۆمەڵگە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٦ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، حەسەن خەوام، وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق بە رۆژنامەی "سەباح"ـی وت، "یاداشتەکە بۆ بەهێزکردنی هاریکارییە بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئاوارەبوون، کە رووبەڕووی ئاستەنگە ئەمنی و کۆمەڵایەتی و هونەرییەکان دەبێتەوە، جگە لە کەمیی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان لە ناوچە ئازادکراوەکاندا".

وتیشی، ئەوانەی دەگەڕێنەوە، لە چەندین رووەوە هاوکاری دەکرێن، وەک هاوکاریی کۆمەڵایەتی، قەرزی ئاسان، پڕۆگرامی راهێنانی پیشەیی و دەستبەرکردنی بیمەی کۆمەڵایەتی، "بەمەش دڵنیایی دەدرێت لە تێکەڵکردنەوەی تەواوی ئاوارەکان لە کۆمەڵگەدا و بەهێزکردنی سەقامگیریی کۆمەڵگە خۆجێییەکان".

دووپاتیشی کردەوە، "یاداشتە نوێیەکە یارمەتیدەر دەبێت لە فراوانکردنی بوارەکانی هاریکاری لەگەڵ رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ و خێراکردنی کۆتاییهێنان بە پرسی ئاوارەبوون بە باشترین شێوە، بەجۆرێک کە خزمەت بە سەقامگیری و گەشەپێدانی خۆجێیی بکات".













گەلەری