بە بەشداری زیاتر لە ١٣٩ هەزار قوتابی نوێی پۆلی یەک، ئەمڕۆ زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لە سەرجەم قوتابخانە حکومیەکانی هەرێم و کەرکوک لێدرا.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢١ـی ئەیلولی ٢٠٢٥، رێورەسمی دەستپێکردنەوەی یەکەم رۆژی ساڵی خویندن لە سەرجەم قوتابخانە حکومییەکانی هەرێم و کەرکوک دەستیپێکرد و بە پێی زانیارییەکان، بۆ ئەم ساڵی خوێندن ١٣٩ هەزار قوتابی پۆلی یەک چونەتە بەر خوێندن.
هەروەها نزیکەی شەش هەزار قوتابخانە لە هەرێمی کوردستاندا هەن، لە سەدا ٥٦
یان لە پارێزگای هەولێر و دهۆکن و لەسەدا ٤٣ یان لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەن.
بە وتەی بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی ٤٣ قوتابخانە لە بەڕێوبەرایەتی گشتی
پەروەردەی سلێمانی پێویستیان بە روخاندن و دوبارە دروستکردنەوە هەیە و ١٠٨
قوتابخانەش لە سلێمانی پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە، بەمەش کێشەی دوو دەوامی و
سێ دەوامی بۆ بەشێک لە خوێندگەکان دروستدەبێت.
هەروەها بەهۆی بڕیاری پێشوەختەی خانەنشینەوە ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستا لە
قوتابخانەکان دابڕوان و بەمەش بۆشاییەکی زۆر بۆ ناوەندەکانی خوێندن دروستدەبێت.
ئەمەش لە
کاتێكدایە، ساڵانی پێشوو بەهۆی نەدانی مووچە لەلایەن حکوومەتی ماوەبەسەرچووەوە، دەوامی
خوێندکاران و مامۆستایان بۆ ماوەیەکی زۆر بایکۆتکرا و ئەمساڵیش بەهۆی دواکەوتنی مووچە
و دانەمەزراندن و راگرتنی پلەبەرزکردنەوە، مامۆستایانی ناڕازای هەڕەشەی
بایکۆتکردنی خوێندنی ئەمساڵ دەکەن.