PM:10:04:12/12/2024
3292 جار خوێندراوەتەوە
نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان و سەرۆكی نێردەی یۆنامی لە عێراق، بەشێوەیەكی ناڕاستەحۆ هۆشداری دەدات بە حكومەتی عێراق و دەڵێت، پێویستە عێراق جێماوە بە ئازارەكانی رابردوو تێپەڕێنێت و، بڕیاری خێراو ئازایانە بدات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٢ـی ١٢ـی ٢٠٢٤، محەمەد حەسان، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، دوای دیداری لەگەڵ عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی ئاینی شیعەكان لە عێراق رایگەیاند، "هانی بڕیار بەدەستانی عێراق دەدەین ئەو بڕیارانە بدەن داواكراوە بدرێت، كە هەندێكیان كاتی زۆر بەسەدارچووە، ئومێد دەكەین لە رۆژانی داهاتوودا گوێیستی هەموو شتێكی باشبین، بەوشێوازەی لە خزمەتی ئاسایش و سەقامگیری ئەم وڵاتەو وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی دەبێت".
ئاماژەی بەوەش کرد، "سەماحەتی سیستانی لە
دیدارەكەمان كە پێش مانگ و نیوك لەمەوبەر ئەنجامماندا باسی لە كۆمەڵێك خاڵی گرنگ
كرد و پێموایە پەیامەكەی گەیشتووە، ئومێد دەكەین ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق بچەسپێت".
شرۆڤەكارانی دۆخی عێراق ئەو پەیامە تازەیەی سەرۆكی
نێردەی یۆنامی بە زەنگی ئاگاداركردنەوە بۆ بەرپرسانی عێراق لێكدەدەنەوە، بەتایبەت ئەو
مەترسییە گەورانەی رەنگە لە ئایندەدا بەرۆكی عێراق بگرێت، كە هیچ بەهایەك بۆ بڕیارەكانی
حكومەتی عێراق دانانێن و، بونەتە بەشێك لە سیاسەتەكانی ئێران لەناوچەكە كە دووچاری
شكستی گەورە بووە.
هاوکات، بەقسەكانی نوێنەری تایبەتی سكرتێری
گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان وا دەردەكەوێت، پەیامەكەی بەهێزتربێت لە ئاداگاركردنەوە و
ئەگەری زۆرە هەڕەشەیەكی جدی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێبێت و ئەگەری زۆرە عێراق رووبەڕووی
جۆرەها سینایۆری مەترسیدار ببێتەوە.