سەردێڕ:

مەزلوم عەبدی: داعش دەستی بە جووڵە کردووە

PM:02:25:06/12/2024

1952 جار خوێندراوەتەوە

فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند، رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە بیابانەکانی سوریا دەستی بە چالاکی کردووە.


ئەمڕۆ هەینی، مەزلوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە شاری حەسەکەوە روونیکردەوە، "چالاکی لەلایەن بەکرێگیراوانی داعشەوە لە بیابانەکاندا هەیە، گەلەکەمان دڵنیا دەکەینەوە کە هێزەکانی سوریای دیموکرات ئامادەن بۆ پاراستنی هەموو خەڵکی شاری حەسەکە، داوا لە خەڵکی گشتی ناوچەکە دەکەین لە دەوری خۆیان کۆببنەوە”.

مەزلوم عەبدی دووپاتی کردەوە کە سوریا شایەتحاڵی پێشهاتە نوێیەکانە، هەروەها "هێزەکانی حکومەتی دیمەشق لەناکاو داڕما".

ئاماژەی بەوەشکرد، کە هێزەکانی سوریای دیموکرات سەبارەت بە رووداوەکانی ئەم دواییە لەگەڵ ئەمریکا و رووسیا و لایەنە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان لە نێویاندا حکومەتی عێراق هەماهەنگی دەکەن.

وتیشی: بارودۆخی ئێستای سوریا پێویستی بە کردەوەی خێرا هەیە لە پێناو پاراستنی خەڵکی سڤیل و سەپاندنی ئاسایش لە ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵات.

باسی لەوەشکرد، هێزەکانی سوریای دیموکرات "کاریان کردووە بۆ کردنەوەی رێڕەوێکی مرۆیی بۆ رزگارکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە لادێکانی حەلەب، کە بەشێکی زۆری دانیشتوانی تەل ڕیفعەت و شەهبا بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی چۆڵکراون".

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە پشتیوانی لە پرۆسەی سیاسی لە سووریا و بڕیارنامەی ٢٢٥١ی ئەنجومەنی ئاسایش دەکەین.













گەلەری