PM:02:28:03/12/2024
916 جار خوێندراوەتەوە
وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، تەیف سامی لەگەڵ نوێنەری بانکی نێودەوڵەتی لە عێراق کۆبووەتەوە و رێککەوتوون لەسەر بەردەوامیدان بە هەماهەنگی و هاوکاریکردنی یەکتر بۆ پاڵپشتیکردنی پڕۆژە چاکسازییەکان و بەدیهێنانی سەقامگیری ئابووری.
ئەمڕۆ سێشەممە ٣ـی ١٢ـی ٢٠٢٤، وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، تەیف سامی وەزیری دارایی لەگەڵ نوێنەری بانکی نێودەوڵەتی لە عێراق کۆبووەتەوە و باسیان لە گرنگی هاوبەشی لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی لە دابینکردنی دارایی بەرنامەکان کە ئامانجیان بەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوامە.
ئاماژە بەوەش کراوە، تەیف سامی وتویەتی، حکومەتی عێراق کاردەکات بۆ جێبەجێکردنی
چاکسازییە دارایی و ئابوورییەکان بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری ئابووری، بە ئامانجی پێشخستنی
گەشەی ئابووری و بەڕێوەبردنی سەرچاوە داراییەکان و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.