سەردێڕ:

چوار وڵات لە نزیکەوە چاودێریی بارودۆخی سوریا دەکەن

AM:09:58:02/12/2024

1632 جار خوێندراوەتەوە

هەریەک لە ئەمریکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا داوای چارەسەری سیاسیی ململانێکانی سوریا و کەمکردنەوەی پەرەسەندنەکان دەکەن.


ئەمڕۆ دووشەممە ٢ـی ١٢ـی ٢٠٢٤، هەر چوار وڵاتەکە سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئێستای سوریا راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ئەوان لە نزیکەوە چاودێریی پێشهاتەکانی سوریا دەکەن و داواش لە لایەنەکان دەکەن پەرەسەندنەکان کەم بکەنەوە و هاوڵاتیانی مەدەنی بپارێزن.

ئاماژە بەوەش کراوە، پەرەسەندنی ئێستای سوریا پێویستی بە پەلەی چارەسەری سیاسی ململانێکان لەو وڵاتە پشتڕاست دەکاتەوە کە هاوتەریب لەگەڵ بڕیارنامەی ژمارە دوو هەزار و ٢٥٤ـی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.
هاوکات، لە پەویەندییەکی تەلەفونیدا ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا باسیان لەوەکرد، پێویستە هەوڵبدرێت بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی هاووڵاتییان و ژێرخانی مەدەنی لە حەلەب و ناوچەکانی دیکە.

لە رۆژی چوارشەممەی رابردووەوە گرژییەکانی نێوخۆی سووریا دەستیان پێکردووە، دوای ئەوەی دەستەی تەحریری شام و گروپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی دەستیان بە هێرشکردنە سەر ناوچەکانی پارێزگای حەلەبی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا کرد.

 













گەلەری