سەردێڕ:

وتەبێژی حکومەتی عێراق: لەسەر بنەماى سەرژمێرى جارێکى دیکە پلان دادەنرێتەوە

AM:09:39:19/11/2024

2200 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، سەرژمێری پرۆسەیەکی گرنگە بۆ حکومەت بۆئەوەی بتوانێت پلان و بەرنامەکانی پێشبخات بە گوێرەی لایەنی ئابوری هەروەها بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان بەگوێرەی ژمارەی دانیشتوان.


ئەمڕۆ سێشەممە ١٩ـی ١١ـی ٢٠٢٤، باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق بڵاویکردەوە، سەرژمێری دەستکەوتێکی پێویستە بۆ پاڵپشتیکردنی پلانەکانی گەشەپێدانی داهاتووی عێراق و دابینکردنی داتا لە بوارەکانی ئابوری و گەشەپێدان و خزمەتگوزاری، هاوکات دەستنیشانکردنی زۆرترین تایبەتمەندییە دیارەکان کە سەرژمێرییەکە پێشکەشی دەکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆى داتا تازەکانەوە پلانى نوێ بۆ بەرێوەبردنى عێراق دادەنرێتەوە، بۆیە سەرژمێری یارمەتیدەر دەبێت بۆ عێراق کە بتوانێت بەگوێرەی پێویست بودجەی ساڵانەی دیاری بکات و خزمەتگوزارییەکان پێشکەش بکات.

باسی لەوەش کرد، سەرژمێری پرۆسەیەکی گرنگە بۆئەوەی وڵات بتوانێت لەسەر داتا و ئاماری ورد پلانی ساڵانی داهاتووی بنیادبنێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بڕیارە لە سبەینێوە ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی لە عێراق دەستپێبکات و ماوەی دوو رۆژ بخایەنێت.













گەلەری