سەردێڕ:

عێراق: ئیتر پێویستمان بە قەرزی دەرەکی نابێت

PM:04:11:17/11/2024

1452 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی باشبوونی سیاسەتی دارایی عێراق قەرزی دەرەکیان وەستاندوەو وڵاتەکە چیتر پێویستی نییە قەرز لە هیچ وڵاتێکی دەرەکی وەربگرێت.


ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٧ـی١١ـی٢٠٢٤، عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی، لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ شاندی هاوپەیمانی ئابووری لە باڵیۆزخانەی فەرەنسا کۆبووەوەو پێداچونەوەیان بە دۆخی ئابوری و دارایی وڵات کرد و باسی لەوەکرد گەیشتنە ئەوەی قەرزی دەرەکی بوەستێنن بەهۆی باشبونی دارایی عێراق.

عەتوان عەتوانی ئاماژەی بەوەش کرد، کەمبوونەوەی قەرزی دەرەکی ئاماژەیە بۆ باشتربوونی سیاسەتی داراییان و بودجەی گشتی دەرفەتی ئەوەی بە حکومەت بەخشی کە هانی کۆمپانیا بیانییەکان بدات بۆ وەبەرهێنانی پارەکانیان لە وڵاتدا.

وتیشی، کە ئەوان پابەند بوون کە قەرزکردن تەنها بۆ پرۆژە بەرهەمدارەکان بێت کە داهاتی دارایی بەدەست دەهێنن نەک بۆ کەرتەکانی بەکاربەر.

هاوکات، داوای لە کۆمپانیا فەرەنسییەکان کرد "بە شێوەیەکی چالاکانە بچنە ناو بازاڕی عێراقەوە، بەتایبەتی کە پێشتر ئەزموونی سەرکەوتوویان هەیە لە جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکان".

لای خۆیەوە، شاندی فەرەنسی جەختی لەسەر ویستی وڵاتەکەی کردەوە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لە بوارە جیاجیاکانی گەشەپێدان لەگەڵ عێراق بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەلی دۆست بەدەستبهێنێت.

 













گەلەری