سەردێڕ:

شارەزایان هۆشداری دەدەن لە مەترسی بەرهەمە پاککەرەوەکان بۆ سەر تەندروستی

PM:03:55:16/11/2024

1484 جار خوێندراوەتەوە

شارەزایانی تەندروستی هۆشدارییان داوە کە زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی بەرهەمە پاککەرەوەکان بۆ پاراستنی ژینگەیەکی تەندروستی ماڵەوە، رەنگە لە درێژخایەندا تەندروستیمان بخاتە مەترسییەوە.


لە ماڵپەڕی "The Mirror" بڵاو کراوەتەوە، زۆر کەس پێیان وایە پاککردنەوەی گەرما و دەستشۆرەکان یەکێکە لە خووە باشەکانی تەندروستی، بەڵام ئەوەی رەنگە هەندێک کەس نەیزانن ئەوەیە کە هەندێک لە بەرهەمە پاکەرەوەکان مەترسی تەندروستی دروست دەکەن.

هاوکات، توێژینەوەکان دەریانخستووە، زۆرێک لە بەرهەمە پاککەرەوەکان ماددەی کیمیایی ژەهراوییان تێدایە، کە بەشدارییەکی بەرچاویان هەیە لە پیسبوونی هەوای ناوماڵ، ئەم ماددە کیمیاییانە رەنگە ببنە هۆی کێشەی تەندروستی لەوانە تێکچوونی کۆئەندامی هەناسەدان و سەرئێشە و رەنگە لە حاڵەتە توندەکاندا ببنە هۆی شێرپەنجە.

بەپێی ئاماری دەزگای پاراستنی ژینگەی ئەمریکا، ئەم ماددانە بە هۆکارێک دادەنرێت کە هەوای ناوماڵ پیس دەکەن و مرۆڤ رووبەڕووی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکانی کۆئەندامی هەناسەدان دەکاتەوە.

گەرماوەکان ئەو شوێنانەن کە هەواگۆڕکێیان سنووردارە، واتە ئەو ماددە کیمیاییانەی کە لە پاککەرەوەکانەوە دەردەچن دەتوانن بۆ ماوەیەکی زیاتر لە هەوادا بمێننەوە، ئەمەش مەترسی بەرکەوتنیان زیاد دەکات.

شارەزایان ئاماژە بەوەش دەکەن، ئەو ماددانە لەوانەیە کاریگەری لەسەر هۆرمۆنەکانی جەستە هەبێت و کێشەی تەندروستی جۆراوجۆر دروستبکەن.

بۆ کەمکردنەوەی ئەم مەترسیانە و بەرەوپێشبردنی رۆتینی پاککردنەوەی تەندروستتر، پسپۆڕان ئامۆژگاری بەکارهێنانی جێگرەوەیەکی ناژەهراوی دەکەن، وەک سرکەی سپی و سۆدەی نان کە بە پاککەرەوەیەکی تەندروست ناوی دەبەن بەبێ ئەوەی ماددەی ژەهراویان هەبێت.

لەلایەکی دیکە، شارەزایانی تەندروستی تیشکیان خستە سەر گرنگی هەواگۆڕکێی باش لە کاتی پاککردنەوەدا، وەک کردنەوەی پەنجەرەکان، کارپێکردنی پانکەی هەواگۆڕکێ، هێشتنەوەی دەرگاکان بە کراوەیی ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ باشترکردنی رۆیشتنی هەوا و کەمکردنەوەی کەڵەکەبوونی ماددە کیمیاییەکان لە بەرگەهەوادا، هەروەها باشترە لە کاتی پاککردنەوەدا پشوویەکی کورت بدەیت بۆ سنووردارکردنی بەرکەوتنی بەردەوام بە ماددە کیمیاییەکان.













گەلەری