سەردێڕ:

چیرۆکی ئەو قاچاخچییە کوردەی بەهۆی گەعدەیەکەوە دەستگیرکرا و سزای ١٧ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا

PM:11:18:08/11/2024

67488 جار خوێندراوەتەوە

میدیاکانى بەریتانیا بڵاویانکردەوە، قاچاخچییەکی بە رەچەڵەک کورد بەهۆی چەند گرتە ڤیدیۆییەکەوە کە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون و تێیدا ریکلام بۆ کارە قاچاخچییەکانی دەکات لەلایەن پۆلیسی بەریتانیاوە دەستگیر کراوە و هەشتى ئەم مانگەش لەلایەن دادگاوە ١٧ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.


بڵاوبوونەوەى گرتەى ڤیدۆیی قاچاخچیەکی بە رەچەڵەک کورد لە ئاهەنگێکى گۆرانی وتندا لە هەرێمى کوردستان، بووەهۆی دەستگیرکردنى قاچاخچییەکە لە بەریتانیا و لەلایەن دادگای ئەو وڵاتەوە ١٧ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.

میدیاکانى بەریتانیا بڵاویان کردەوە، ئامانج حەسەن زادە ئەو قاچاخچییە بە رەچەڵەک کوردەیە کە بە ئاماج زەمان ناسراوە و بەهۆی چەند گرتە ڤیدۆییەکەوە کە تێیدا ریکلام بۆ کارە قاچاخچییەکانی دەکات لەلایەن پۆلیسی بەریتانیاوە لە مانگی ئایاردا دەستگیر کراوە.

ئاماژەیان بەوەش کردووە، لەدوای زیاتر لە پێنج مانگ لە دەستگیرکردنیشی، هەشتى ئەم مانگە لە دادگای تاجی پرێستۆن بە تۆمەتی ئاسانکاریی و قاچاخچێتی بۆ کۆچی نایاسایی تاوانبار کرا و سزاى ١٧ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا.

لەوبارەیەوە، دەزگای نیشتمانیی تاوانی بەریتانیا رایگەیاندووە، قاچاخچییەکە لە سێ رێگای جیاوازەوە کۆچبەرانی بەشێوەی نایاسایی لە فەڕەنساوە پەڕاندووەتەوە بۆ بەریتانیا.

هاوکات، لەبارەی چۆنیەتی دەستگیرکردنەکەشیەوە، دەزگای نیشتمانیی تاوانی بەریتانیا باسی لەوە کردووە، ئامانج بەهۆی چەند گرتە ڤیدۆییەکەوە ئاشکرا بوو و دەستگیرکراوە کە بەشێك لەو ڤیدۆیانە تێیدا ریکلام بۆ کاری قاچاخچێتی دەکات و یەکێکی دیکەش لەو ڤیدۆیانە دانیشتن و ئاهەنگێکە کە تێیدا گۆرانیبێژەکە ستایشی ئامانج دەکات، بە باشترین قاچاخچی ناوی دەبات و دەڵێت، هەموو ئەوانەی دیکە لە ئامانجەوە فێری قاچاخچێتی بوون.

دەستگیرکردنى ئەم قاچاخچیە لەکاتێکدایە، تادێت بەریتانیا رێوشوێنەکانی بۆ رووبەڕوبوونەوە و دەستگیرکردنی باندەکانی قاچاخچێتی توندتر دەکاتەوە و لە نوێترین پێشهاتیشدا، حکومەتی بەریتانیا بڕیاریداوە چەندین ئەفسەر و سەرباز بنێرێتە عێراق کە لە ئاستی نێودەوڵەتییدا کار دەکەن بۆ رووبەڕوبوونەوەی باندەکانی قاچاخچێتی مرۆڤ لە کەناڵی ئینگلیزدا.

بە پێیی میدیاکانی بەریتانیاش کە لە زاری سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتەوە بڵاویان کردووەتەوە، باندەکانی قاچاخچێتی زیاتر لە هەرێمی کوردستان چالاکن و لە ماوەی رابردوودا چەندین باند دەستگیر کراون لەنێویاندا بارزان مەجید ناسراو بە دوپشک.













گەلەری